راهێنه‌ری خانمانی هه‌ڵبژارده‌ی زۆرانبازی رووسیا به‌هۆی كۆرۆنا مرد
راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی زۆرانبازی خانمانی رووسیا دوای مانگێك مانه‌وه له نه‌خۆشخانه به هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا.
ماگومێد ئالیۆمارۆڤ راهێنه‌ری زۆرانبازی ئافره‌تانی رووسیا دوای ململانێیه‌كی یه‌ك مانگه له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆڤید-19، له ته‌مه‌نی 67 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، به‌مه‌ش خه‌مناكی باڵی به‌سه‌ر وڵاتانی ئازه‌ربایجان و رووسیا كێشا كه ئه‌و راهێنه‌ره زۆرترین نازناوی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو وڵاته به‌ده‌ستهێنا بوو.
ئالیۆمارۆڤ له گوندێكی بچووك له تلیاروشی داغستان له‌دایك بوو و له ته‌مه‌نی منداڵی روویكرده وه‌رزشی زۆرانبازی، ئه‌م راهێنه‌ره دوای چه‌ند ساڵ زۆرانبازیكردن و له ساڵی 2008 تا 2017 وه‌كوو جێگری سه‌رۆكی فیدراسیۆنی زۆرانبازی ئازه‌ربایجان كاری كردووه، هاوكات له 2011 تاكو 2015 راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی زۆرانبازی ئازه‌ربایجانی له‌ئه‌ستۆ بووه.
ناوبراو ساڵی 2019 ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی زۆرانبازی رووسیای پێ ده‌سپێردرێت، له‌م دوو ساڵه‌دا ئالیۆمارۆڤ پاڵه‌وانێتی ئه‌ورووپا له ساڵی 2020ـی رۆما و پاڵه‌وانێتی جیهان له ساڵی 2019 به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ی ناوبراو بوو به هۆی ئه‌وه‌ی فیدراسیۆنی زۆرانبازی رووسیا به ئومێده‌وه له داهاتووی ئه‌م راهێنه‌ره به‌توانایه بڕوانێت، به‌ڵام مه‌رگ رێگه‌ی پێ نه‌دا ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ رووسه‌كان بباته‌وه.
میخائیل مامیاشویلی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی زۆرانبازی رووسیا دوای كۆچی دوایی ئه‌م راهێنه‌ره گوتی: من هیچ قسه‌یه‌كم نییه، ئه‌و پیاوێكی پڕ له وزه بوو كه زۆر پلانی بۆ زۆرانبازی رووسیا هه‌بوو، ئێمه وانه‌گه‌لێكی زۆری لێ فێر بووین و لێهاتوویی ئه‌ویش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی باشترین ئه‌نجام له مێژووی زۆرانبازی ئافره‌تانی رووسیادا به‌ده‌ست بێنین، له قووڵایی دڵمه‌وه هاوخه‌می بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری ئالیۆمارۆڤم.
ئینا تراژۆكۆڤا یه‌كێكه له یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی خانمانی رووسیا ده‌ڵێت: ئێستاش باوه‌ڕ ناكه‌م ئالیۆمارۆڤ مردبێت، كۆچی دوایی ئه‌و بۆ ئێمه خه‌سارێكی گه‌وره‌یه، ئه‌و پێش ركابه‌رییه‌كانی جیهانی 2019 بڕوای به من بوو و مه‌شق و راهێنانی ئه‌و بوو به هۆی ئه‌وه‌ی مه‌زنترین ده‌سكه‌وتی ژیانی وه‌رزشیم به‌ده‌ست بێنم، ئێمه پلانی باشمان بۆ ئۆلمپیك هه‌بوو و زۆر دڵگرانم كه ئیتر له‌ناو ئێمه‌دا نییه.
ئا: محه‌مه‌د شه‌هدی