لە 2019 نزیكەی 100 كۆڵبەر كوژران

دەیانی دیكەش بریندار بوون
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پرسی كۆڵبەران چیرۆكێكی بەردەوامی رۆژھەڵاتی كوردستانە، كە لە 2019شدا ھەر بەردەوام بوو، ساڵی رابردوو گوشاری سەر كۆڵبەران زیادیكرد و رێژەی قوربانییەكانیش بەرزبووەتەوە، لەدوا روودایشدا گیان لەدەستدانی دوو برای مێرمنداڵی كۆڵبەری مەریوانی بوو كە كاریگەری زۆری لەسەر رای گشتی كوردستان دانا.

هەموو وەرزەکانی 2019 بۆ کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو یەک وابوو، لە هاویناندا فیشەک و هەڵدێرەکان و لە زستانیشدا بەفر و شەختە و فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوور دەیان کۆڵبەریان کردە قوربانی. گیان لەدەستدانی فەرهاد و ئازاد خەسرەوی مێرمنداڵ لە مانگی کۆتایی ساڵدا تەواوی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانی غەمبار كرد، ئەو دوو کۆڵبەرە کە برا بوون بەهۆی سەرما گیانیان لەدەستدا، ئەگەرچی ئەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام 2019 پڕبوو لە ھاوشێوەی ئەو رووداوە دڵتەزێنانە بۆ کۆڵبەران.

 بەپێی دوایین ئامارەکان نزیکەی 100 کۆڵبەر لە 2019-دا لەسەر سنوور کوژراون، سەدانی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوونە. ھەرچەندە بڕیاربوو پەرلەمان و ‌حکومەتی ئێران کۆڵبەرانی سەرسنوور رێکبخاتەوە، تەنانەت لەبەرزترین ئاستدا لە تاران قسەی لەسەر کرا، بەڵام گفت و لێدوان و بڕیارەکانی تاران لەسەر سنوور خوێندنەوەی دیکەی بۆ دەکراو کۆڵبەران راستەوخۆ بە فیشەک دەرکرانە ئامانج.

 بەپێی ئاماری نافەرمی نزیکەی 100 هەزار کۆڵبەر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنەو کرماشان لەسەر سنوور بارێکی قورس لەسەر کۆڵیان دادەنێن بۆ ئەوەی لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێک لەو کۆڵبەرییە بە قاچاغ ناودەبات، بەڵام لەناو خۆدی حکومەت و دەسەڵاتی ئێرانیشدا هەن کە پێیانوایە ئەو کاڵایانەی کۆڵبەران دەیهێنن ناکرێ حیسابی قاچاغی بۆ بکرێت.

هەژاری و نەبوونی دەرفەتی کارو سنوور وایکردووە کە خەڵکی کوردستان جگە لە کۆڵبەری دەرەتانێکی دیکەیان نەبێ، چونکە لانیکەم ئێستا دەرفەت بۆ کرێکاریش لە کوردستان نییە، هەر بۆیە کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژانە وەسیەتنامەی خۆیان دەنووسن، دەزانن کە رەنگە شەوێک لە شەوان نەگەڕێنەوە، بەڵام چاریان ناچارەو بۆ 2020-یش هەمان چیرۆکی فرۆشتنی ژیانی ئەمڕۆ لەپێناو نانی سبەی بەردەوام دەبێت.

ھ.م