زاگرۆس لەناوبچێت ئێرانییەكان دەبێ كۆچ بكەن

دارستانەكانی زاگرۆس مەترسی گەورەیان لەسەرە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

زاگرۆس بۆ كوردەكانی رۆژھەڵات تەنیا شاخ و دار نییە، بەڵكو خۆیان دەڵێن بەشێكە لە حەماسەو نۆستالیژیاش، جگە لەوەی پشتێنەیەكی سەوزی مێژووییە، ھاوكات شوێنی شۆڕش و پێشمەرگایەتیش بووە، بەڵام ئێستا دار بەڕووەكانی زاگرۆس بەرەو لەناوچوون دەچن.

ھەڵكەوتەی زاگرۆس

زاگرۆس وشەیەكی لكێندراوی كۆنی كوردییە، "زاگ" واتە شوێنی لەدایكبوون و "رۆس" كە پێشتر رۆژ بووە، واتە زاگرۆس مانای شوێنی لەدایكبوونی خۆر دەگەیەنێت.  

زاگرۆس گەورەترین زنجیرە چیای كوردستانی گەورەیە، كە بەشێكی زۆری كوردستان دەگرێتەوە، لە ناوچەی وان لە باكووری كوردستان دەستپێدەكات و ھەتا نزیك ناوچەی كرمانی ئێران دەروات، لەو رێرەوەدا سەرجەم پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەگرێتەوە و لەسەر سنووریش باكوورو رۆژھەڵات و باشوور لەیەك گرێ دەدات، بەرزترین شوێنی زنجیرە چیای زاگرۆس شاخی زەردەكێو لە پارێزگای لوڕستانە، كە 4 ھەزارو 548 مەتر بەرزە.

دارستانەكانی زاگرۆس لە رۆژھەڵاتی كوردستان

دارستانەكانی زاگرۆس لە بنارەكانی شاری پیرانشاری رۆژھەڵاتی كوردستانەوە دەست پێدەكات،و بەسەرجەم پارێزگاكەنای دیكەی رۆژھەڵاتی كوردستاندا تێدەپەرێت، ھاوكات 6 پارێزگای دیكەی ئێرانیش دەگرێتەوە، ئەو دارستانانە لە پارێزگاكانی دیكەی ئێران وەكوو خوزستان و كەھلیلۆیە و بویرئەحمەد بەدەشتاییەكاندا بڵاوبوونەتەوە، كەچی لەرۆژھەڵاتی كوردستان زۆربەی دارەكان بەقەد پاڵی شاخەكانەوەن، ھەربۆیە زاگرۆس بۆ كوردەكان بەر لەوەی دار بێت شاخە.

ئێستا بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن مەترسی لەناوچوون لەسەر دارستانەكانی زاگرۆس ھەیە، بەشێوەیەك تاكوو ئێستا 6 ملیۆن دۆنم (یەك ملیۆن و 500 ھەزار ھەكتار) لەدارستانەكانی زاگرۆس لەناوچوونە، ئەو بەشە لە دارستانەكانی زاگرۆس كە كەوتوونەتە ناو ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان زیاتر لە 24 ملیۆن دۆنمن، ئەوەش دەكاتە نزیكەی 40% ھەموو دارستانەكانی ئێران.

مێھرداد فەتحی سەرۆكی ناوەندی ژینگەپارێزی پارێزگای لوڕستان بەئاژانسی ھەواڵی تەسنیمی گوتووە، كە بەشێك لەدارستانەكانی زاگرۆس بەتەواوەتی لەناوچوونە، و بەشێكی دیكەشی بەرێژەی 10% بۆ 100% لەناوچوونە، ئەو دەڵێ، حكومەت لە گەورەیی قەیرانەكە تێنەگەیشتووە، ھەربۆیە ھیچ ھەنگاوێكی كرداری لێ نەبینراوە.

ھۆكارەكانی لەناوچوونی دارستانەكانی زاگرۆس

ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی ئێران ھۆكاری زۆر بۆ لەناوچوونی دارستانەكانی زاگرۆس باس دەكەن، لەھەمووشیان گرنگتر بڕینی نایاسایی و خۆڵبارین و پرۆژەكانی نەوت و گاز لەپارێزگاكانی ئیلام و لوڕستان.

مەنسوور سۆھرابی لێكۆڵەر لەئەنیستیتۆی ئیكۆلۆژی لەزانكۆی كیل لەئەڵمانیا بەكوردستان24، راگەیاند: "جگە لەو ھۆكارانە لەساڵی 2009 دارستانەكانی زاگرۆس تووشی نەخۆشییەك بوونە بەناوی بیكسۆنیازیا (Biscogniauxia mediterranea) و زیاتر لە یەك ملیۆن ھەكتار لەدارستانەكانی لەناوبردووە،و بەگوتەی ئەو ئەگەر چارەسەرییەك نەدۆزرێتەوە، رەنگە ھەموو دارستانەكانی زاگرۆس لەناو دەچن".

دەشڵێت: "بەرپرس و لایەنە پەیوەندییەكانی بواری ژینگە لەئێران پسپۆر نین، و ناتوانن پلانێكی پسپۆرانەی درێژخایەنی بۆ دابنێن. بەگوتەی دكتۆر سۆھرابی لەرووی پلانی خزمەتگوزاری و پیشەسازییدا رەچاوی زاگرۆس ناكەن و ئێستا دروستكردنی رێگەوبان و ھاوكات پرۆژەی پیشەسازیش ھەڕەشەی گەورەیان بۆ دارستانەكانی زاگرۆس دروستكردووە".

دكتۆر مەنسوور سۆھرابی لێكۆڵەر لەئەنیستیتۆی ئیكۆلۆژی لەزانكۆی كیل لەئەڵمانیا

كاریگەرییەكانی لەناوچوونی زاگرۆس

ھەر وەكوو باسكرا نزیكەی 40% دارستانەكانی ھەموو ئێران لە زاگرۆسن،و زۆرینەشی لە كەوتۆتە ناو رۆژھەڵاتی كوردستان، ئەوە لەكاتێكدایە كە بەگوتەی پسپۆران بنچەی داڕبەرووی زاگرۆس ئاوێكی زۆر لەزەویدا گل دەداتەوە، جا ئەوە جگە لەوەی پشتێنەیەكی سەوزایشی بۆ ئێران دروستكردووە،و ھەزاران جۆری ئاژەڵیش لەوێدا دەژین. دكتۆر مەنسوورسۆھرابی بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر دارستانەكانی زاگرۆس لەناو بچن، بەشێكی زۆری ئێران بۆ ژیان نابێت،و دەبێ كۆچ بكەن، ئەو كۆچەش دەبێ بۆ دەرەوەی ئێران بێت، و بەكۆچی ژینگەیی ناسراوە. ھۆكارەكەش ئەوەیە كە زیاتر 50% ھەموو ئاوە ژێرزەوییەكانی ئێران لە زاگرۆسەوە دابین دەكرێت، و ئێستا قەیرانێكی گەورەی كەم ئاوی و بێ ئاوی ھەموو ئێرانی گرتۆتەوە،و بەگوتەی ئەو كارناسەش یەكێك لەھۆكارەكانی ئەو بێ ئاوییە لەناوچوونی دارستانەكانی زاگرۆسە".

بەشێك لەقەیرانە سەرەكییەكانی ئێران بەستراوەتەوە بە رۆژھەڵاتی كوردستان، بەپێی دوایین ئاماری قەیرانی بێ ئاوی زۆربەی پارێزگاكانی ئێرانی گرتۆتەوە، بەڵام بەھۆی كەشوھەواو ژینگە كەمتر لەپارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەبینرێت، ئێستاش دارستانەكانی زاگرۆس كە بە ھەر 5 پارێزگاكەی رۆژھەڵاتدا دەرۆن، بەرای پسپۆرانی ژینگە لەئەگەری لەناوچوونیان كاریگەری لەسەر ناوەڕاستی ئێران و بگرە دوورتریش دادەنێت.

ئامادەكردن: ژیوار رەسووڵی