ته‌ندروستی جیهان زه‌نگی هۆشداری لێده‌دات
K24- هه‌ولێر:
رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهان هۆشداری ده‌دات، له‌وه‌ی هێشتا شه‌پۆلی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاسته تۆقێنه‌ره‌كه و گوتی: ڤایرۆسه‌كه له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی پشێوی به‌رده‌وام ده‌بێت.
مارگرێت هاریس، گوته‌بێژی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان له دیدارێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئاخۆ جیهان قوناغه مه‌ترسیداره‌كه‌ی كۆرۆنای بڕیوه؟ گوتی: "ڤایرۆسه‌كه توانیویه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ژیانی ئێمه رابهێنێت و پشێوی بڵاوكردووه‌ته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هێشتا په‌تای كۆرۆنا له ئه‌فریقیا و ئه‌مه‌ریكای لاتین و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی جیهان له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانیدایه"، دووپاتیشی كرده‌وه، "رێكخراوه‌كه‌یان پێشبینی چالاكبوونی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه له باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا ده‌كات، به‌تایبه‌ت هندستان و پاكستان".
هۆشداریشیدا، "ئێستا په‌تای كۆرۆنا له‌و شوێنانه چالاكه و بڵاوده‌بێته‌وه، كه سیسته‌می به‌رگری ته‌ندروستییان زۆر لاوازه و ژماره‌ی پسپۆڕانی ته‌ندروستیشیان زۆر كه‌مه".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "هه‌ر هه‌وڵێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هێشتا هه‌ر كه‌مه"، گوتیشی: "دوور نییه كۆرۆنا بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچانه كه سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر ئه‌و په‌تایه راگه‌یاندووه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌ره‌وپێشبردنی ڤاكسین بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ڤایرۆسه‌كه به‌ته‌واوی له‌ناو نابات" و ده‌م به پرسیاره‌وه گوتی: "له‌وانه‌شه ڤاكسینێكی باش به‌ده‌ست بهێنین، به‌ڵام ئایا هه‌موو كه‌س ده‌ستی پێ ده‌گات؟ ئایا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌دا دابه‌ش ده‌كرێت كه له سه‌رانسه‌ری جیهان پێویستییان پێیه؟".
هاریس دووپاتی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر جیهانی مرۆڤایه‌تی نه‌توانێت ڤاكسینێك له دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا پێویستیی به چه‌ند ساڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌و به‌رگرییه بگات، كه رووبه‌ڕووی كۆرۆنا ببێته‌وه ".
H.B