بەغدا لیژنەیەكی باڵا بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران پێكدەھێنێت

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ لیژنەكەی بەغدا كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەغدا لیژنەیەکی باڵای بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران پێکھێناوە، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدای کردووە، بڕیارە لەگەڵ لیژنەکە کۆببنەوە و باس لە بڕی گەنمی جووتیارن و مافەکانیان بکرێت و داواش دەکەن ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

كێشەى وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کورد و پێدانی مافەکانیان چەند ساڵێکە دووبارە دەبێتەوە، جووتیاران داوا دەکەن ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

باس و خواستی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێم لە کاتێکدایە تائێستاش حکومەتی عێراقی 557 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی نەداوە. بە رای  پسپۆرانی  کەرتی کشتوکاڵ، چەندین رێکار ھەیە پێویستە لەلایەن  وەزارەتە  پەیوەندیدارەکان  بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران بگیرێتەبەر، تا جووتیاران ساڵانە دڵنیابن لە وەرگرتنی گەنمەکانیان.

عێراق ساڵانە  پێوێستی  بە زیاتر لە 5 ملیۆن تۆن گەنم ھەیە، پێشبینی دەکرێت  ئەمساڵ زیاتر لەو  رێژەیە گەنم رادەستی سایلۆکان بکرێت، بۆیە بڕیاردراوە ھاوردەی گەنم لە دەرەوە رابگیرێت، ئەنجومەنی وەیزرانی عێراق داواکارییەکی ئاراستەی وەزراتی بازرگانی عێراق کردووە، بە مەبەستی  وەرگرتنی ھەموو بەرھەمی جووتیارانی عێراق. یەکێک لە داواکارییەكانی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بڕیارەکە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.