ھۆكاری كوژران و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان ئاشكرا دەكرێت

لە ئەنجامی دەمەقاڵەی ناوخۆ بووە

K24 - سۆران

شەوی رابردوو لە بارەگایەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كوێستانەكانی باڵەكایەتی، پێشمەرگەیەك گیانی لەدەستدا و یەكێكی دیكەش بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران، بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبەش ھەواڵەكە پشتڕاست دەكاتەوە.

حەتەم عەلی، بەرپرسی بەشی فریاكەوتنی نه‌خۆشخانه‌ی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بەناوی موسا، بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەكەمان، دوای چارەسەری سەرەتایی رەوانەی فریاكەوتنی ھەولێر كرا".

گوتیشی: "كەسێكی دیكە بە ناوی ئاروین ئەسڵانی، لە رووداوەكە گیانی لەدەستداوە".

لای خۆیەوە رەزا كەعبی، جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ھەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند: "رووداوەكە لە ئەنجامی دەمەقاڵەی نێوان خۆیان بووە".

ئاماژەی بەوەشداوە، وردەكاری رووداوەكە لە راگەیەندراوێكدا دەخەنەڕوو.