مەسرور بارزانی: شکست بە پیلانی شکستپێهێنانی پارتی هێنراوە
یەکشەممە، 06-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ گەنج و لاوانی دهۆک ڕایگەیاند، "پارتی بۆ ڕزگارکردنی خاکی کوردستان دامەزراوە و دەمانەوێت وەکوو هەموو گەلانی جیهان، بگەینە هەموو مافەکانمان". جەختیشی کردەوە: "شکست بە پلانی شکستپێهێنانی پارتی هێنراوە، لە مێژوو فێر ببن؛ دڵنیابن لەوەی پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، چونکە خوا و خەڵکی کوردستان پشتیوانی پارتییە".
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: "ئێمە لە کاتێکدا داوای ئاشتی دەکەین، کە لە هەرێمی کوردستان لە هەمووان بەهێزترین و هەرگیز وەکوو ئێستە بەهێز نەبووینە. ناحەزانی پارتی، هەرگیز وەکوو ئێستە بێهێز و دەستکورت نەبوونە؛ بەڵام سەرەڕای ئەمە، دەستی ئاشتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین".
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە: "هیچ لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بەبێ پارتی دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت". گوتیشی: "دەمانەوێت کوردستان ئارام بێت و پێش بکەوێت، بەڵام هەندێک لایەنی دیکە کوردستانیان کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانیان و لە خەمی هاووڵاتییاندا نەبوونە".
پارتی، بە گوتەی مەسرور بارزانی: "حزبی هەموو ئایین و نەتەوەیەکە؛ توانیومانە بە درێژایی مێژوو بەرگریی لە مافەکانی پێکهاتە و نەتەوەکانی جیاوازی کوردستان بکەین". ئەوەشی خستە ڕوو "لە سایەی پارتی، ئێستە هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".