تێن هاگ: یانەکەمان کەسایەتییەکی باشی هەیە
ئیریك تێن هاگی هۆڵەندی و راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد، دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەرئاستۆن ڤیلا، ستایشی یاریزانانی یانەکەی کرد.
مانچێستەر یونایتد رۆژی یەکشەممە 2024/10/06 لە گەڕی حەوتەمی پرێمەرلیگ بووە میوانی ئاستۆن ڤیلا و یارییەکەش بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
تێن هاگ دوای یارییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ سکای سپۆرت دەڵێت: ئەمە چوارەم یارییە لەم وەرزە تۆڕی گۆڵەکەمان بە خاوێنی دەهێڵینەوە، رێکخستن و هەماهەنگییەکی نایاب لە یانەکەمان هەیە، هەست بە کەسایەتی و رووحیەتێکی بەرز دەکەین.
راهێنەرە هۆڵەندییەکە ئاماژەی بەوە کرد: بەشێوەیەکی باش بەرگریمان کرد، هەندێكجار ئەمە هەلی باشت بۆ دروستدەکات گۆڵ تۆماربکەیت، بەڵام ئێمە تەنیا یەك هەلی گەورەمان هەبوو بۆ گۆڵکردن و لەدەستماندا.
لە درێژەی قسەکانی گوتی: ئەم وەرزە چەند یارییەکی باشمان ئەنجامداوە، بەڵام بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا هەلی زۆرمان نەبوو بۆ گۆڵکردن چونکە بەرامبەر یانەیەکی گەورە یارییمان کرد.
تێن هاگ لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کارگێڕی مان یونایتد دەڵێت: هەموو رۆژ و هەفتەیەك قسە دەکەین و پەیوەندییەکی باشمان هەیە، هەموومان لە ناو یەك کەشتیداین و دەزانین چی دەکەین، ئەوە پرۆسەیەکی درێژخایەنە.
لە کۆتاییدا گوتی: سەرکەوتوو بووین لە تێپەڕاندنی دوو یاری زۆر سەخت لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان، ئەوە باوەڕ و متمانەی یانەکەمان نیشان دەدات.
بۆ بیرهێنانەوە.. مان یونایتد ئەم وەرزە خراپترین دەستپێکی لە مێژووی یانەکە هەیە و لە 7 یاریی پرێمەرلیگ تەنیا 5 گۆڵیان کردووە.
مانچێستەر یونایتد دوای ئەنجامدانی 7 یاریی تەنیا 8 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە ریزبەندی 14ی پرێمەرلیگ دێت.