بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کەرنەڤاڵی پارتی لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت
![ئامادەکارییەکانی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی لە یاریگەی زاخۆ](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1728301528_kurdistan24.jpg)
کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بۆ پشتیوانیی و سەرخستنی لیستی 190ی پارتی ، لە شاری زاخۆ بەڕێوە دەچێت.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنێ یەکشەممە لە دهۆک لە دوو کۆبوونەوەی جیادا، یەکەمیان لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ و دووەمیان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ گەنج و لاوانی دهۆک ڕایگەیاند: "پارتی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان یەکەم دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، هەر یەکەم دەبێت".
گوتیشی: "پارتی، بۆ ڕکابەریی هیچ لایەنێکی سیاسیی دانەمەزراوە، بەڵکوو بۆ دژایەتیی ستەم، زۆرداری و داگیرکەری دروست بووە؛ لە ڕۆژی دامەزراندنیشییەوە، هەر بە سەربەرزی و بەیەکڕیزیی ماوەتەوە. بە پشتیوانی خوا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت".
بڕیارە 20ی ئەم مانگە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.