ئیسرائیل لە دەریاوە هێرش دەکاتە سەر باشووری لوبنان
ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنی دەریایی بۆسەر باشووری لوبنان دەکات و خەڵکی ناوچەکە ئاگادار دەکاتەوە.
ئەفیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "داوا لەدانیشتووانی باشووری لوبنان دەکەن تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوو لە کەنار دەریاکان دوور بکەونەوە، چونکە بەشێک لەو شوێنانە لەلایەن حزبوڵلاوە بەکار دەهێنرێن".
ئەفیخای ئەدەرعی، جەخت لەوەدەکاتەوە: "ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای ئیسرائیل جیاواز دەبێت و لە دەریاوە دەبێت، داواش لەخەڵک دەکات لانیکەم ٦٠ کیلۆمەتر لەسنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنان دوور بکەونەوە".
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کاتژمێرێک بوو گەیشتبووە سووریا.