بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل؛ ئێران لە دەرگای سعوودییە و چەند وڵاتێک دەدات
ئێران هەوڵ دەدات "بزووتنەوەیەکی بە کۆمەڵ" لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان پێک بهێنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی "تاوتوێکردنی پرسە ناوچەییەکان و وەستاندنی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە" سەردانی ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
سعوودییە، یەکەم وێستگەی سەردانەکەی عێراقچی دەبێت و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 08-10-2024، بگاتە ڕیاز و دواتریش، سەردانی چەند وڵاتی دیکەی کەنداو بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئامانج لە گەشتەکەی پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بە کۆمەڵە لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕاگرتنی هێرشە دڕندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان".
ڕۆژی هەینی، 04-10-2024، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ جاری یەکەم دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنانی گەیشتە بەیرووت و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ گەلی لوبنان دووپات کردەوە. هاوکات داوای لە وڵاتان کرد، لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل، پشتیوانی لە لوبنان بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی زەمینیی "سنووردار"ـی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کردووە بە مەبەستی لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵلای لوبنانی.
پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، سوپای ئیسرائیل لە چەند هێرشی ئاسمانیی جیاوازدا بۆ سەر باشووری بەیرووت، چەندین بەرپرس و فەرماندەی باڵای حزبوڵلای لوبنانی کوشت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکوو حزبوڵلا لە هەموو ڕوویەکەوە لەناو دەبەن.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنان چەندین دەیەیە بەردەوامن، بەڵام ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت دوای هێرشی 07ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکی شەڕی غەززە؛ زیاتر پەرەیان سەند.
حزبوڵلا ماوەی ساڵێکە، وەکوو پشتیوانییەک بۆ حەماس و خەڵکی غەززە، دەستی کردووە بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل و بەتایبەت ئەلئەڤیڤی پایتەخت؛ ئەمەش وای لە بەرپرسانی ئیسرائیل کرد، هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕ بۆ لەنێوبردنی حزبوڵلا و دارودەستەکانی.