بارسێلۆنا شوێنگرەوەی دانی ئالڤێسی دۆزیوەتەوە

هانزی فلێك راهێنەری بارسێلۆنا
هانزی فلێك راهێنەری بارسێلۆنا

بە پێی هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت یاریزانێك بۆ بەرگریکاری لای راستی یانەکەی بگوازێتەوە و یاریزانێکی لە خولی فەڕەنسی دیاریکردووە.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی، هانزی فلێکی راهێنەری بارسێلۆنا ویستوویەتی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینە یاریزانێکی بەگریکاری لای راست بگوازێتەوە یانەکەی، بەڵام هەوڵەکانی سەری نەگرتووە.

رۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە: فلێك هەوڵیداوە هێڵی هێرشبەر بەهێزتر بکات، بەڵام ئاگاداری ئەوە بووە، کە بەهۆی کەمی یاریزانەوە لە بەگریکاری لای راست تووشی کێشە دەبێت.

سپۆرت روونیکردووەتەوە، کە یانەی بارسێلۆنا ویستوویەتی لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ مارك بۆبێل بە شێوازی خواستن لە یانەی ئالمێریاوە بگوازێتەوە، بەڵام گرێبەستی یاریزانەکە ئاڵۆز بووە و کێشەی لە بڕی مووچەکەیدا هەبووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا داوایان لە فلێك کردووە پشت بە کۆندێ ببەستێت وەك بەرگریکاری باڵی راست و ئەگەر پێویستی کرد سوود لە تواناکانی یاریزانی لاو هیکتۆر فۆرت وەربگرێت تاوەکو ئەو کاتەی دەتوانن گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی دیکە بکەن.

سپۆرتی کەتەلۆنی ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، کە بارسێلۆنا بە تەواوی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەکۆڵێتەوە و سەرنجی زۆری خستووەتەسەر تیاگۆ سانتۆسی پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی لیل، کە شێوازی یارییکردنی زۆر لە دانی ئالڤێس دەچێت و ئێستا لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە دەدرەوێشتەوە.

بۆ بیرهێنانەوە.. تیاگۆ سانتۆسی پۆرتوگالی تەمەنی 22 ساڵە و ساڵێك پێش ئێستا بە 6.5 ملیۆن پەیوەندی بە یانەی لیلی فەرەنسییەوە کرد، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 15 ملیۆن یۆرۆیە.