توێژینه‌وه‌یه‌ك: هاوینیش ناتوانێت جیهان له كۆرۆنا رزگار بكات
K24- هه‌ولێر:
تیمێكی توێژه‌ران له زانكۆی برنستۆنی ئه‌مه‌ریكی له تویژینه‌ویه‌كدا كه ده‌ره‌نجامه‌كانی له گۆڤاری "ساینس"ـی زانستی بڵاوكراونه‌ته‌وه، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما به ته‌نیا به‌س نییه بۆ رزگاركردنی نیوه‌گۆی به‌شی باكووری گۆی زه‌وی له په‌تای كۆرۆنا.
رایشتل پایكه‌ر، سه‌رپه‌رشتیار و ئاماده‌كاری سه‌ره‌كی ئه‌و تویژینه‌وه‌یه دووپاتی كرده‌وه، "ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین، ئه‌و ژینگانه‌ی رێژه‌یه‌كی زیاتر شێیان هه‌یه و پله‌كانی گه‌رمایان زۆر به‌رزن، ناتوانن له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه چالاكی ڤایرۆسه‌كه هێواش بكه‌نه‌وه".
ئه‌و تویژینه‌وه‌یه له‌كاتێكدایه، له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ژماره‌یه‌ك تویژینه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كیان له نێوان ژینگه و په‌تاكه درووست كردووه، به‌وه‌ی كه تا پله‌كانی گه‌رما به‌رز ببنه‌وه، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ش سسست ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مانه دوا ئه‌نجام نین و تا ئێستا به‌ندی په‌یوه‌ندی بایۆلۆجی له نێوان ژینگه و ڤایرۆسه‌كه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی ئێستاش له گۆڤاری ساینس بڵاوكراوه‌ته‌وه، ته‌واوی توێژینه‌وه‌كانی پێشخۆی ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ك جه‌خت ده‌كاته‌وه، ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و تویژینه‌وانه له‌و ئاسته‌دا نه‌بوونه كه به گرنگییه‌وه لێیان بڕوانن.
وه‌ك زانراوه، ئه‌وه پشتڕاست كراوه‌ته‌وه كه ژینگه‌ی شێ‌دار رۆڵێكی كارا له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كانی دیكه‌ی ئه‌نفلۆوه‌نزادا ده‌گێڕێت، به‌ڵام پێشبینییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن، كه بۆ كۆرۆنا ژینگه‌ش فاكته‌رێكی سنووردار بێت و فاكته‌رێكی گرنگتر له په‌تا نوێیه‌كه‌دا رۆڵ ده‌گێڕێت، ئه‌ویش فاكته‌ری به‌رگرییه، كه به‌رامبه‌ر به كۆرۆنا زۆر لاوازه.
H.B