پارێزگاری هەولێر: لە ڕۆژی دەنگدان هاتوچۆی هاووڵاتیان ئاسایی دەبێت

ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان و زەمینەخۆشکردن و دابینکردنی ئازادیی بۆ دەنگدەران ساز کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.10.8، پارێزگای هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لەگەڵ لێژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگای هەولێر و بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام زەمینەخۆشکردن و دابینکردنی ئازادیی بۆ دەنگدەران کۆ بووەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دواى گفتوگۆکردن بۆ دابینکردنى پێداویستییەکان بە ئامانجى باش بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدان و ئامادەکارییەکان لە 48 بنکەى تایبەت و 389 بنکەى گشتى دەنگداندا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و هەروەها ئامادەباشیی هێزەکانی ناوخۆ و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و دیاریکردنى ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان، پارێزگارى هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، هەڵبژاردنێکی ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت". گوتیشی: "پێویسته‌ هاووڵاتییان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان هاوكار بن تاکو كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ ئارام دروست بێت".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای ئەمنی کرایەوە، بە تایبەتى لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا کە نابێت بە هیچ شێوەیەک دەنگدەران مۆبایل لە بنکەکانی دەنگدان ببەنە ژوورەوە، ئاماژە بەوەش دراوە لە ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاناگەیەنرێت و بازگەکان کراوە دەبن و هەروەکو ڕۆژانی ئاسایی هاتوچۆى هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت پێشوەختە لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمار کرابن و باجی کۆمیسیۆنیان پێ بێت.

لە دیدارەکەدا پارێزگارى هەولێر، هیوای خواست هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرتاپاى هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت.