هەڵبژاردەی ئیسپانیا 3 ئەستێرەی لەدەست داوە
میكێل مێرینۆ: نابێت بۆ لەدەستدانی ئەم 3 ئەستێرەیە خەم بخۆین، تۆپی و ژیان ناوەستێت، دەبێت بەردەوام بین و بیر لە دوو یاریی داهاتوو بكەینەوە
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ رووبەڕووبەنەوەی دانیمارک و سڕبیا، دەستی بە ئامادەکارییەکانی کرد، بەڵام بۆ ئەو دوو یارییە ماتادۆرەكان رۆدری، دانی كارڤاخاڵ و نیكۆ ویلیامزی لەدەست داوە، لەمبارەیەوە میكێل مێرینۆ ناوەراستكاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا گوتی: تۆپی پێ ناوەستێت.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڕیارە، رۆژانی 12 و 15ـی ئەم مانگە، لە گەڕی سێیەم و چوارەمی نەیشن لیگ، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی دانیمارک و سڕبیا ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی لاروخا، پەیوەندییان بە کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەکەیان کرد.
ئیسپانیا لە کۆی دوو یاری سەرەتای نەیشن لیگ، خاوەنی بردنەوەیەک و بەرامبەربوونێکە و بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ، پلەی دووەمی کۆمەڵەی چوارەمی ئاستی یەکەمی پاڵەوانێتیەکەی گرتووە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ ئەم دوو یارییە، دانی کارڤاخالی بەرگریکار و رۆدری ناوەڕاستکاریان لەگەڵ نابێت و ئەم دوو یاریزانە نزیكەی ساڵێك لە یاریكردن دووردەكەونەوە، جگەلەوەش نیكۆ ویلیامزیش بەهۆی پێکان بۆ ئەو دوو یارییە دوورخرایەوە.
میکێل مێرێنۆ ناوەراستکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی باسی لە پێکانەکەی رۆدری و دانی کارڤاخال کرد و گوتی، تۆپی پێ ناوەستێت و دڵنیایە ئەو دوو یاریزانە بەهێزەوە دەگەڕێنەوە.
میكێل مێرێنۆ دەشڵێت: تۆپی پێ هاوشێوەی ژیان ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، بەڵام زۆر بەداخەوە هەندێکجار کە دەبینین کەسانی نزیکت تووشی روداوی نەخوازراو دەبنەوە، لەم کاتانەدا زۆر دڵتەنگیان دەبین، هەرچەندە خەفەت خواردن هیچ سوودێکی نیە، دەبێت هەموو سەرنجمان لەسەر یارییەکان بێت. ئێمە دوو یاریی گرنگمان لە پێشەوە. سەرەتا رووبەڕووی سڕبیا دەبینەوە پاشان رووبەڕووی دانیمارک دەبینەوە، کێشەکە ئەوەیە نێوانی دوو یارییەکە زۆر کەمە و لە ماوە کەمە، دەبێت ئامادەکاری باش بکەین.
میكێل مێرینۆ گوتیشی: من بۆیە یانەی ئارسێناڵم هەڵبژارد، چونکە هاوشێوەی خواستی منیان هەیە، لەم کاتەدا من پێویستیم بە پێشکەوتن و بەدەستهێنانی ناسناوەکان هەیە، بۆیە ئارسێناڵم بە باشترین بژاردە زانی و بەبێ دوو دڵی ئەو یانەیەم هەڵبژارد. ئارسێناڵ لە دوو وەرزی رابردوو هەوڵی زۆری بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکان داوە، بینیمان کە چەندە پێشکەوتوون و هیوادارم لەم ساڵانەی داهاتوو، بتوانین زۆرترین ناسناو بەدەست بهێنین.