سەرۆک وەزیران: هەرێمی کوردستان بووەتە لانکەی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە جیاوازەکان
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: جێگەی شانازییە کە هەموو پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان پێکەوە بە تەبایی دەژین، کوردستان وەکو پێگە و لانکەی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە جیاوازەکان ناسراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، لە قەڵای هەولێر، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوێی لە داوا و سەرنجی هاووڵاتییان ئامادەبوو لە دیدارەکە گرت و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیانی دایەوە، هاوکات بە گرنگییەوە گوێی بۆ پێشنیازەکانیان گرت و بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر بکات.
مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: دانیشتووانی هەولێر بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، چونکە پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بیرمان لەوە کردووەتەوە بابەتی دروستکردنی هێڵی گشتی گواستنەوەی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەین، پرۆژەیەکی باشی بۆ ئامادە کراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
گەشبینم بە داهاتووی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری تێدا زیاتر دەبێت و زیاتریش پێشدەکەوێت
لەبارەی دروستبوونی لافاوەوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە دەستپێکی حکوومڕانی کابینەی نۆیەم ساڵی یەکەم لافاو لە هەولێر دروست بوو، کە بەداخەوە زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووە، هەر ئەو کات کەوتینە حاڵەتی ئامادەباشی و هەوڵی جیددیمان دا بۆ چارەکردنی کێشەکە، چەندین کاری گرنگمان کرد. بۆ ساڵی دواتر لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژە وەک دروستکردنی بەنداو، پۆند و خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵەکان توانیمان ڕێگری بکەین لە دروستبوونی لافاو.
هاوکات باسی لە کێشەی کەمی ئاو لە هەولێر کرد و گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا بەرنامە بۆ ئەوە دانرابوو ڕێژەی هاتنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر زیاد بکرێت، بەڵام بەرنامەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکران، لە سەردەمی حکوومڕانی پاشاتییەوە لە عێراق تا ئێستا 13 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دێت. بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوی چارە بکەین بڕیارمان دا پرۆژەی فریاگوزاری خێرا جێبەجێ بکەین و ئێستا پرۆژەکە لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە و لە ماوەی 18 مانگدا تەواو دەکرێت، بە تەواوکردنی پرۆژەکە بۆ ماوەی 30 ساڵ کێشەی کەمئاوی لە هەولێر نامێنێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی داهاتووی هەرێمکەوە دەڵێت: گەشبینم بە داهاتووی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری تێدا زیاتر دەبێت و زیاتریش پێشدەکەوێت، بووژانەوەی ئابووری باشتر دەبێت، هەروەها زۆرینەی کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا چارە کردووە و بیانووەکانمان نەهیشتووە و هەموو پابەندییەکانی خۆمان بەرانبەر بە ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە. هەروەها هیوای خواست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە سەقامگیری تێیدا بەرقەرار بێت و شەڕ و ململانێکان نەمێنێت.
لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خەڵک دابمەزرێنێت، چونکە بەغدا ڕێگەی نەداوە
لەبارەی ئاو و کارەبا، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا نرخی ئاو و کارەبا لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکراوە، هەروەها هەوڵمان دا کارەبای 24 کاتژمێری زیاد بکەین و بەڵام ڕێگریمان لێکرا بۆ دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئێستا سیستەمێکی نوێمان خستووەتە کار و لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کارەبا بووەتە 24 کاتژمێری، لە ماوەکی نزیکدا کارەبای تەواوی هەولێر دەبێتە 24 کاتژمێر و کێشەی دەنگ و دووکەڵی مۆلیدەکانیش نامێنێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دامەزراندنی هاووڵاتییان لە کەرتی گشتی کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خەڵک دابمەزرێنێت، چونکە بەغدا ڕێگەی نەداوە، هەمیشە لە ڕێگەی بڕینی بودجە، نەناردنی بودجە و درەنگناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان کێشە بۆ داهاتی هەرێمەکە دروست بووە، تەنیا ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵ یەک ملیۆن خەڵکی خۆی دامەزراند، لەم دامەزراندنە پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا نەبوو.
جەختی لەوە کردەوە، کاتێک ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری حکوومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری حکوومەتی هەرێم کۆ بووەوە، ئەم بابەتەیان لەگەڵدا باس کرا، پێش چەند ڕۆژێکیش لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و ئەم بابەتەیان لەگەڵدا باس کرا، کە هەرێمی کوردستانیشی مافی خۆیەتی خەڵک دابمەزرێنێت و پێویستە تەرخانی دارایی بۆ بکرێت.
گوتیشی: زیاتر لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە بووین وەک کیانێکی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەبوو بودجەی خۆی بۆ دیاری بکرێت و، دواتر پەرلەمان، دیوانی چاودێری دارایی و ڕێکخراوەکان چاودێری چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو بودجەیان کردبا، نەک وەزارەتێک لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدراڵ تێکەڵی وردەکارییەکان بێت کە ئەمەش لەگەڵ سیستەمێکی فیدراڵی ناگونجێت، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرگەیان بۆ بەغدا کردەوە و وایان کرد بێن دەستوەردان لەنێو وردەکارییەکان بکەن و، ڕێگریش بوون لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، کەچی ئێستا وا خۆیان بێدەنگ کردووە وەک بڵێی هیچیان نەکردبێت.
ئەگەر هاووڵاتیی بەشدار نەبێت لە دەنگدان، ئەو کاتە خەڵکێکی دیکە لەبری ئەو دەنگ دەدات
هاوکات دەشڵێت: لە بەغدا هێشتا بیرۆکەی حکوومەتی ناوەندی ماوە، هێشتا بڕوایان بە فیدراڵیەت نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە و هەمیشە نییەتی ئەوەم هەیە چارەی کێشەکان بکرێت، لایەنەکان بۆ چارەکردنی پرسەکان لە گفتوگۆکان بەردەوامن.
لەبارەی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، مەسرور بارزانی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، لەو دوو کەرتە کاری زۆر باش کراوە و لە ماوەی داهاتوو کاری باشتریش دەکەین، ئێستا دەزگەیەکمان دامەزراندووە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن لە خوێندنی باڵا، ئەم دەزگەیە زیاتر بۆ ئەوەیە کوالێتی زانکۆکان بەرز بکاتەوە.
سەبارەت بە بەشداریی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێمای بۆ ئەوە کرد، لەوانەیە هەندێک لە هاووڵاتییان بێ ئومێد کرابن لەلایەن ڕەوتێکی سیاسییەوە پێیان گوترابێت دەنگتان هیچ لە بابەت ناگۆڕێت و بەشداری کردن و نەکردنتان وەک یەکە، بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان زۆر گرنگە، ئەگەر هاووڵاتیی بەشدار نەبێت لە دەنگدان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی، ئەو کاتە خەڵکێکی دیکە لەبری ئەو دەنگ دەدات.
داواکارە لە سەرجەم هاووڵاتییان، کە بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، تا خۆیان بڕیارە لەسەر چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن، هەروەها هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر ژیانی داهاتووی هاووڵاتی دەبێت.
دەسەڵاتی حزبی لە شاری سلێمانی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا کاری خۆی بکات و پرۆژەکان وەک پێویست جێبەجێ بکات
لەبارەی ئابووری هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، راگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر هەمەچەشنکردنی ئابووری، هەمەجۆرکردنی داهات و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری کراوە، وەبەرهێنانێکی زۆر لە سێکتەری کشتوکاڵدا کراوە، هەروەها گرنگییەکی زۆر بە گشتوگوزار و پیشەسازی دراوە. پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دروست کراوە، زۆرێک لە پرۆژەکان بەردەوام بوون و نەوەستان سەرباری ئەوەی کە دژایەتییەکی زۆری حکوومەت کرا کە پەکی بکەوێت و نەتوانێت پرۆژەکان جێبەجێ بکات، بەڵام لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت پرۆژەکان جێبەجێ کرا. بەرنامەمان ئەوەیە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەرگرین و ڕایانبکێشین بۆ هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی پرۆژە لە سلێمانی و هەولێر و جیاوازییەکانی، سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە، لە سەرەتا هەوڵێکی جیددی درا بۆ ئەوەی هەموو داهاتەکان کۆ بکرێنەوە، تاکوو بتوانرێت بە شێوەیەکی یەکسان خزمەتی هەموو شارەکان بکرێت، هەروەها دەسەڵات شۆڕکرایەوە بۆ پارێزگاکان، دەسەڵاتی خۆماڵی لە ئاستی پارێزگا بەرپرسیارە بەرانبەر بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پرۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەکات جێبەجێ بکرێت.
گوتیشی: پرۆژەی حکوومەت بۆ هەموو کوردستانە و تەنیا بۆ پارێزگایەک نییە، چۆنەیتی جێبەجێکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی دەسەڵاتی خۆماڵی، من ڕەخنەم هەیە لە دەستوەردانی حزبی لە کاروباری ئیداریی پارێزگاکان، کە نەیانهێشتووە ئیدارەی پارێزگاکان بەرنامەکانی حکوومەت جێبەجێ بکن، هەروەها دەسەڵاتی حزبی لە شاری سلێمانی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا کاری خۆی بکات و پرۆژەکان وەک پێویست جێبەجێ بکات.
مەسرور بارزانی باسی لە هەرێمی کوردستان کرد و سەرنجی خستە سەر ئەو ئارامی و ئاسایشەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و گوتی: هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکی زۆر سەقامگیرە، خەڵکە لە ناوچەکانی دیکەوە ڕوو دەکەنە هەرێمەکە بۆ ئەوەی بە ئارامی بژین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شەونخوونی بەردەوامی پێشمەرگەکان و هێزە ئەمنییەکان.
پارتی شانازی دەکات کە بووەتە جێگەی متمانەی پێکهاتەکان
هاوکات گوتیشی: جێگەی شانازییە کە هەموو پێکهاتەکان و ئایینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان پێکەوە بە تەبایی دەژین، کوردستان وەکو پێگە و لانکەی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە جیاوازەکان ناسراوە.
سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد، هەر لە سەرەتاوە داوای بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هێمنانەیان کردووە، هەر کەس و لایەنێکیش ئازادە کە چۆن بانگەشە بۆخۆی دەکات و باسی بەرنامەکانی خۆی دەکات.
مەسرور بارزانی، لەبارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، ڕایگەیاند: هۆکاری نەمانی 11 کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سکاڵایەی کە لە دادگای فیدراڵی لەلایەن یەکێتییەوە تۆمار کرا، شانازی بەو کارەشیان دەکەن. ئەمە کارێکی هەڵە بوو، ئەوان دەڵێن: "کۆتاکان لەگەڵ پارتین". ئێمە وەک پارتی شانازی بەوە دەکەین کە پارتی بووەتە جێگەی متمانەی کۆتاکان و لایەنەکانی دیکە کە نایتوانیوە ببنە جێگەی متمانەی کۆتاکان ئەوە کێشەی خۆیانە.
ڕاشیگەیاند، لابردنی کورسی کۆتاکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی لێدان بووە لە مافی پێکهاتەکان. پارتی هەمیشە داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان کردووە و هەر بە هەوڵی پارتی 5 کورسی بۆ پێکهاتەکان گەڕێندرایەوە.
سەبارەت بە حکوومڕانی، سەرۆک وەزیران دەڵێت: حکوومڕانی ئاسان نییە چونکە ئەمانەتە، هەڵگرتنی ئەمانەتیش قورسە، کە دەستبەکار بووم سوێندم خوارد کە بەرانبەر بە خەڵک و نیشتمان بە ئەمەک بم و لە خزمەتکردنیان بەردەوام بم.