مەسرور بارزانی: دەسەڵاتی حزبی لە سلێمانی رێگەی نەداوە پرۆژەکان لە پارێزگاکە وەک پێویست جێبەجێ بکرێن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ڕایدەگەیەنێت، پرۆژەی حکوومەت بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە و تەنیا بۆ پارێزگایەک نییە، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی دەسەڵاتی خۆماڵی. جەختی لەوەش کردەوە، دەسەڵاتی حزبی لە سلێمانی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا وەک پێویست پرۆژەکان جێبەجێ بکات
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، لە قەڵای هەولێر، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوێی لە داوا و سەرنجی هاووڵاتییان ئامادەبوو لە دیدارەکە گرت و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیانی دایەوە، هاوکات بە گرنگییەوە گوێی بۆ پێشنیازەکانیان گرت و بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر بکات.
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژە لە پارێزگاکان مەسرور بارزانی، دەڵێت: لە سەرەتا هەوڵێکی جیددی درا بۆ ئەوەی هەموو داهاتەکان کۆ بکرێنەوە، تاوەکوو بتوانرێت بە شێوەیەکی یەکسان خزمەتی هەموو شارەکان بکرێت، هەروەها دەسەڵات شۆڕکرایەوە بۆ پارێزگاکان، دەسەڵاتی خۆماڵی لە ئاستی پارێزگا بەرپرسیارە بەرانبەر بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پرۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەکات جێبەجێ بکرێت.
گوتیشی: پرۆژەی حکوومەت بۆ هەموو کوردستانە و تەنیا بۆ پارێزگایەک نییە، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی دەسەڵاتی خۆماڵی، من ڕەخنەم هەیە لە دەستوەردانی حزبی لە کاروباری ئیداریی پارێزگاکان، کە نەیانهێشتووە ئیدارەی پارێزگاکان بەرنامەکانی حکوومەت جێبەجێ بکن، بە تایبەت لە سلێمانی دەسەڵاتی حزبی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا کاری خۆی بکات و پرۆژەکان وەک پێویست جێبەجێ بکات.