سەرۆکی حکوومەت: یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێستا ماستەرپلانی بۆ ئامادە کراوە لە سۆران دروست دەکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هوتێلی (ڕادیسن بلوو) لە سەر لووتکەی چیای کۆڕەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی هوتێلەکە ، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئێستا ماستەرپلانی بۆ ئامادە کراوە، بڕیارە لەم دەڤەرە دروست بکرێت کە ئەویش دەبێتە یارمەتیدەرێکی زیاتر بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە بێنە ئێرە و سوود لە پڕۆژە گەشتوگوزارییەکان وەربگرن .

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا و قەدەرگران

خۆشحاڵم بە ئامادەبوونم لە کردنەوەی ئەم هوتێلە بەشێکی تەواوکەری کۆمەڵگەی گەشتیاریی کۆڕەکە کە لە ساڵی 2010 بەردی بناغەی بۆ دانرا. ئەم پڕۆژەیە کە بیرۆکەکەی لەلایەن کاک سیروان بارزانی پێشکەش کرا، لە ڕاستیدا زۆر کەس گومانیان هەبوو کە سەرکەوتوو بێت . بەڵام هەوڵی جیددی دا و لەوکاتەوە تا ئێستا دەبینین بە هەزاران خەڵک لە کوردستان و عێراق و دەرەوەش سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن . بۆیە جێی دەستخۆشییە و سوپاسی کاک سیروان دەکەم و هەروەها سوپاسی (دارین گرووپ) دەکەم کە توانیان براندێکی جیهانی وەکوو ڕادیسن بلوو بێنن بۆ کوردستان و لێرە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بتوانن ئەم جۆرە هوتێلە دروست بکەن.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان نەک تەنیا ئازایە لە بەرگریی لە خۆی و لە شاخەکان، بەڵکو دەتوانێت ئەم شاخانە بۆ گەشت وگوزار و خزمەتی هاووڵاتیان بەکار بێنێت و سروشت و مێژووی جوانی کوردستان بە خەڵک بناسێنێت .
هەروەک دەزانن کوڕەک چیایەکە سەدان داستانی لێ تۆمار کراوە . ئەم دەڤەرە مەڵبەندی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووە . لێرە بارەگای بارزانی لێ بووە . ئەمە ئەو شوێنەیە کە مێژووی دروست کرد و لە سایەی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەتوانین لە شوێنێکی وا ئاهەنگ بگێڕین و بیکەین بە شوێنی گەشتیاری . بۆیە جێی خۆیەتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دابنوێنین و سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین کە بەرهەمی خەباتی ئەوان ئەمڕۆی دروست کردووە.
ئەم ناوچەیە لە ڕووی سروشتی و مێژووی خەباتی کوردستان گرنگە و مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە . سەربەرزین کە کوردستان هەر شوێنێکی تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئێمە لە بەرنامەی حکوومەتدا دەمانەوێت هەر شوێنێک تایبەتمەندی خۆی بپارێزرێت و گرنگی پێ بدەین.
ئەم دەڤەرە زۆر جێی سەرنجڕاکێشی هەیە و شاخ و سروشت و ئاوی سازگار و شوێنی جوانی زۆری تێدایە، بۆیە پێویستە تا بکرێ پڕۆژەی گەورە لەم دەڤەرانە زیاد بکەین . لە بەرنامەماندایە پڕۆژەی گەورەتر لەم دەڤەرە دروست بکرێت. یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا ماستەرپلانی بۆ ئامادە کراوە کە لەم دەڤەرە دروست دەکرێت کە ئەویش دەبێتە یارمەتیدەرێکی زیاتر بۆ ئەوەی شوێنی گەشتیاریی بۆ هاووڵاتییانی کوردستان زیاتر بکرێت. هەروەها بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بێنە ئێرە و سوود لە پڕۆژە گەشتوگوزارییەکان وەربگرن .
هەروەها هیواخوازین گەشتیاری بیانیش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بتوانن بێن سەردانی ئەم شوێنانە بکەن و ئێمە هەڵمەتێکی گەورەمان دەست پێ کردووە بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەوەی سەردانی کوردستان بکەن لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێگەوبان و هاتووچۆ و ئاسانکاریکردن بۆ هاتنی خەڵک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان.
هیوادارم جگە لەوەی خەڵک چێژ لەو شوێنانە وەربگرێت ئێمە بتوانین مێژووی خۆشمان بە خەڵکی بیانی بناسێنین بۆ ئەوەی نەتەوەی ئێمە بناسن و ئاگاداری خەبات و قوربانیدان هیوا و ئاواتەکانمان بۆ داهاتووبن . ئێمە سوود لە مێژوو وەردەگرین بەڵام هەمیشە چاومان لەوەیە کە وڵاتێکی خۆشتر و گەشەسەندووتر و ئاوەدانترمان هەبێت.بۆیە من دەستخۆشی لە هەموو وەبەرهێنەرێک دەکەم کە بە جیددی کار بۆ ئاوەدانی وڵاتەکەمان دەکات .
سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم و هەر سەرکەوتوو بن و کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.