زۆرینەى ئەندامانی جڤاتى نیشتیمانیی گۆڕان، متمانەیان بەخشیەوە بە دانا ئەحمەد، وەک رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەکە
ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەرێم و بزوتنەوەکە ناوبرد و داوای لە سەرجەم ئۆرگانەکان کرد بە گڕوتینەوە بەشداریى بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن و هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنى کاندیدانى لیستى 114.
چوارشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆبوونەوەى نائاسایی جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان، بە بەشداریی زۆرینەی ئۆرگانەکان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا زۆرینەى ئەندامانی جڤاتى نیشتیمانى، متمانەیان بەخشیەوە بە دانا ئەحمەد مەجید، وەک ڕێکخەرى گشتى بزووتنەوى گۆڕان. ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕۆژى 18ى ئەیلوولى 2024دا، بە نووسراوی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتە رێکخراوەییەکانى بزووتنەوەی گۆڕان لە عومەر سەید عەلییەوە گواسترایەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید، کە پەیڕەوى دەسەڵاتەکانى ڕێکخەرى گشتىی بکات.
هاوکات، ڕێکخەرى گشتى بزووتنەوى گۆڕان "هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەرێم و بزوتنەوەکە ناوبرد و داوای لە سەرجەم ئۆرگانەکان کرد بە گڕوتینەوە بەشداریى بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن و هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنى کاندیدانى لیستى 114".