کۆرۆنا رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دوادەخات؟

یەکێکە لە باڵاترین خەڵاتەکانی بواری سینەما

K24  - هەولێر

ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری لەسەر زۆربەی سێکتەرەکان کردووە، یەکێک لەو سێکتەرانەش سینەمایە، بەجۆرێک رەنگە ئاهەنگی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی 2021 دوابخات.

گۆڤاری ڤێرایەتی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاشکرای کرد "ئەگەری زۆرە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دوابخرێت".

ئۆسکار یەکێکە لە باڵاترین خەڵاتەکانی بواری سینەما، ساڵانە لە چەند بوارێکی جیاواز پێشکەشی باشترینەکانی سینەما دەکرێت و لە مانگی شوبات لە ئاهەنگێک کە چاوی هەموو میدیاکانی جیهانی لەسەرە، دابەش دەکرێت. بەڵام ماوەی دوو مانگە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سینەماکانی ئەمەریکا داخراون، لەبەرئەوەش بەرهەمهێنانی سینەمایی وەستاوە، بەرهەمهێنەرانی فیلم ناچاربوون شێوازی کارکردنیان بگۆڕن.

تاوەکو ئێستا ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی سیینەما کە ساڵانە خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەش دەکات، روونکردنەوەی لەبارەی ئەگەری دواخستنی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار نەداوە.