یەکێتیی مامۆستایان: هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی "هەژماری من" ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان دابین بکەین
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند: "هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" ئۆتۆمبێل بە قیستی درێژخایەن بۆ مامۆستایان دابین بکەین".
ماوەی چەند ڕۆژێکە لێدوانێک بە ناوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بڵاوبووەتەوە گوایە ڕێککەوتن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک ئیمزا کراوە بۆ ئەوەی بە قیستی درێژخایەن، ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایانی ئەندام لە یەکێتییەکە دابین بکرێن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەو لێدوانەی بە ناوی یەکێتییەکە بڵاو بووەتەوە دوورە لە ڕاستی و بێ بنامەیە؛ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیستی درێژخایەن بە مامۆستایان نەکراوە".
گەرمیانی ئەوەشی خستە ڕوو: "پێشتر گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک ئیمزا کرابوو، بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل و یەکەکانی نیشتەجێبوون، بە مامۆستایان بە قیستی درێژخایەن، بەڵام ئەو گرێبەستانە دوای تەواوبوونی وادەکانیان، بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخیی دارایی هەرێمی کوردستان درێژ نەکرانەوە و لەو کاتەوە هیچ گرێبەستێکی هاوشێوە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک ئیمزا نەکراوە".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دووپاتی کردەوە: "هەوڵ دەدەین دوای تۆمارکردنی ناوی هەموو مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی (هەژماری من) بە ڕێککەوتن لەگەڵ بانکی بەشداربووی پرۆژەکە، ئۆتۆمبێل بە نرخێکی گونجاو و قیستی درێژخایەن، بۆ مامۆستایان دابین بکەین".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وەکوو ئەوەی گەرمیانی بـاسی کرد: "بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ مامۆستایان دابین بکات و کارئاسانی تەواویان بۆ بکات".