کاندیدێکی پارتی: یەکێتی بە توندی پاسەوانیی لە کارگەکەی دەربەندیخان بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکات
کاندیدێکی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی ڕایگەیاند، کارگەکەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە دەربەندیخان بەتوندی لەلایەن یەکێتییەوە پاسەوانیی دەکرێت.
مەرد عەلی ڕەسوڵ خاڵە، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە دەربەندیخان، یەکێتی پاسەوانییەکی چڕی دەکات و ڕێگا نادەن کەس نزیکی بکەوێتەوە.
کاندیدەکەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی هیچ زانیاری و وردەکارییەک لە مێدیاکانی سلێمانی قبوڵ ناکات کەلەسەر ئەم کارگەیە بڵاوی بکەنەوە.
عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت: "بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی ئەمنیمان لەگەڵ ئێران ئیمزا کردووە، بەڵام هەندێک بۆشایی و درزی ئەمنی ماون، بە تایبەتیی لە ناوچەی یەکەمی پارێزگای سلێمانی".
وەزیری ناوخۆی عێراق سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوور لەگەڵ تورکیا، ئاماژەی بەوەدا: "بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا لێژنەیەک پێک هێنراوە و تەرخانکراوی دارایی بۆ دروستکردنی ئێشکگری هاوبەش دابین کراوە و 30 بنکەی ئێشکگری دروست دەکەن و ڕێگریی لە هەموو جۆرە دزەکردنێک دەکەن".
لاهور شێخ جەنگیش لە لێدوانێکدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "بەرپرسی هەرە گەورەی یەکێتی، بە هاوکاریی کەسێک لە بەغدا پیاوێکیان لە سووریاوە هێناوە و کارگەیەکی ماددەی هۆشبەریان لە سلێمانی داناوە. دواتریش ئەو کارگەیان بەسەر پێشمەرگەیەکدا ساخ کردووتەوە و نکوڵیان لە خاوەندارێتیی کردووە".
هاوکات مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی ڕێگریی لە ماددە هۆشبەرەکان بکرێت و کوردستان پاک بکرێتەوە پێویستە کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە تێک بدرێن".