نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی کەرەنتین کرا

چەند پزیشکێک تووشی کۆرۆنا بوون

K24 – سلێمانی:

دکتۆر شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی راگەیاند، سێ کارمەندی نەخۆشخانەی شۆڕش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نەخۆشخانەکە کەرەنتین کرا.

راشیگەیاند، دوێنی حەوت کارمەندی ئەو نەخۆشخانەیە پشکنینیان بۆ کراوە و دواتر لە پشکنینەکان دەرکەوتووە، سیانیان تووشی کۆرۆنا بوون.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە پشکنین بۆ سەرجەم کارمەندانی نەخۆشخانەکە بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە سلێمانی حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن و لە هەولێریش ئەمڕۆ حەوت حاڵەتی نوێ تۆمار کرا، حکومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە، لە سێ رۆژی جەژن، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆی گشتی رابگەیەنرێت.

H.J