پزیشکان هۆشداری لە خواردنی هەندێک بەشی گۆشتی مریشک دەدەن

ئاماده‌كردنی مریشك بۆ لێنان
ئاماده‌كردنی مریشك بۆ لێنان

پزیشكان و پسپۆرانی ته‌ندروستیی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێك شوێنی مریشك چه‌ورییه‌كه‌ی هاوتای چه‌وری گۆشتی سووری ئاژه‌ڵ وایه‌؛ ده‌شڵێن، باشترین ڕێگه‌ بۆ ئاماده‌كردنی گۆشتی مریشك بریتییه‌ له‌ كوڵان به‌ هه‌ڵم یاخود برژاندن و سووركردنه‌وه‌ی به‌ڵام به‌بێ پێسته‌ سووره‌كه‌ی.

پزیشكان و پسپۆرانی ته‌ندروستیی له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێیدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، مریشك به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی كه‌مترین چه‌وری هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه‌، گۆشتی سنگی مریشك بۆ ژه‌می ئێواره‌ بخورێت، هه‌روه‌ها بەش و پارچه‌كانی دیكه‌ی بۆ ژه‌می نیوه‌ڕۆ ئاماده‌ بكرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی پارچه‌كانی دیكه‌ی جگه‌ له‌ سنگ، هاوشێوەی گۆشتی سوورە و چەوری تێر لە خۆ دەگرێت.

پزیشكان و پسپۆرانی ته‌ندروستیی هۆشداری له‌ خواردنی گۆشتی مریشك به‌ پێسته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێسته‌كه‌ی ڕێژەیەکی بەرزی چەوری تێری تێدایه‌.

ئه‌وان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌رداری گۆشتی سووری ئاژه‌ڵ ده‌بن، بەڵام لە هەمان کاتدا گۆشتی مریشک به‌ پێسته‌كه‌یه‌وه‌ دەخۆن، ئه‌مه‌ش هیچ سوودێكیان پێ ناگه‌یه‌نێت و وه‌كوو ئه‌وه‌ وایه‌ گۆشتی سووری ئاژه‌ڵ بخۆن.

پزیشكان و پسپۆرانی ته‌ندروستیی سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌كێشن، خواردنی پێستی مریشك، دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختەی خوێنبەرەکان و پێستی مرۆڤ.