مەسرور بارزانی ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی دەداتە بەرپرسە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا چەند گوتە و ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی ئاراستەی ئامادەبووان کرد و ئاماژەیدا کە هەولێر دەروازەی هەرێمی کوردستانە و پێگە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت گوتی: باشترین پێوەر بۆ ئێمە ڕەزامەندی خەڵکە، خەڵک چەند لە ئێمە ڕازییە، ئێمە ئەوەندە دەتوانین خۆمان بە سەرکەوتوو بزانین، ئەگەر خەڵک لێمان ناڕازی بێت و هەرچی بکەین و بڵێین سوودی نابێت، ئەگەر ئێمە بەهەموو ئەو ئیمکانیاتانەی بەردەستن توانیومانە لەبەرژەوەندی خەڵک بەکاری بێنین، زۆر زۆر باشە، ئەگەر خەڵکیش ڕازییە ئەمە باشتر، ئەگەر نەشمانتوانی بێت ئەوەی هەیە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان بەکاری بێنین، ئەوە واتە کێشەیەک هەیە و دەبێت هۆکارەکەی بۆ دیار بێت و دەبێت ئەو هەڵەیەی هەیە چاک بکەینەوە.
گوتیشی: ئەگەر ئیمکانیاتمان نییە و خەڵکیش نایزانن، ئەمەش کێشەیە و هیچ نەبێت دەبێت خەڵک تێبگەیەنرێن، کە بۆ چی نەکراوە ئەم کارانەیان بۆ بکرێت، بودجە بڕدراوە، پەتای کۆرۆنا هەبووە و دۆخی ئابووری ناوچەکە بە گشتی خراپە، ئەمانە هەمووی هۆکاربوون، هەربۆیە نەمانتوانیوە بەگوێرەی پێویست لە خزمەتی خەڵکدا بین. ئەمانەی هەمووی بەلایەک، ڕوو گەشی ئێوە و مامەڵەکردنی ئێوە بەڵایەکی تر، هیچتان نەبێت تەنیا بتوانن بە ڕووێکی خۆش قسە لەگەڵ خەڵک بکەن، قەناعەتیان پێ بکەن و تێیان بگەیەنن لە هەموو شتێک گەورەترە.
مەسرور بارزانی گوتی: ئەگەر خەڵک ببینێت نادادپەروەری هەیە لە شێوازی مامەڵەکردن، ئەو کاتە ڕق و کینە دروست دەبێت، هەڵوێست وەردەگرن، ناشڵێم کاردانەوەی هەموو کەس وەکوو یەک دەبێت، بە نموونە دوو قوتابی لە قوتابخانەیەک وانە دەخوێنن، یەکێکیان زیرەکە ئەوەی دیکەتان تەمبەڵە، ناکرێت مامۆستاکە وەک یەک نمرە بە هەردوو قوتابییەکە بدات، کێ زیرەکە بەرهەمی خۆی وەردەگرێت، لە ژیانیشدا هەروایە، هەندێک هەن زیرەکن و کاری باشتر دەکەن، دەتوانێ بەرهەمی باشتری هەبێ، بێ گومان ئەنجامی بەرهەمەکەیی و ژیانیشی خۆشتر دەبێت. منیش ناتوانم بڵێم هەمووی لە یەک ئاستدا دەبن، خوا پەنجەکانی دەستی وەکوو یەک دروست نەکردووە تاوەکوو ئێمە بڵێن لەم وڵاتە هەموو خەڵک وەکوو یەک لە یەک ئاستدا دەبن.
هەروا گوتی : بەڵام یەک شت دەتوانین بکەین و گەرەنتی بکەین، کە دەرفەتی یەکسان بە هەموو کەسێک بدەین، ئنجا کێ توانی سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، پیرۆزی بێت، ئەوەی نەشیتوانی گلەیی لەخۆی بکات، بەڵام گلەیی لە دەسەڵات نەکات، دەسەڵات کە نەیتوانی بێ ئەم دەرفەتەی پێ بدات یان فەرق و جیاوازی کردبێ، کاتێک جیاکاری دەکرێت خەڵک ناڕەحەت دەبێ و هەقی خۆشیانە، هەربۆیە ئێوە وەکوو دەسەڵات، من ناتوانم هەموو ڕۆژێک هەموو خەڵک ببینم، ئێوە واجیهەن و دەتوانن ڕووێکی جوانی حوکمڕانی پیشانی خەڵک بدەن و دەشتوانن خەڵک لە دەسەڵات توڕە و ناڕەحەت بکەن.
هەر لە قسەکانیدا بۆ بەرپرسە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سەرۆکی حکوومەت گوتی: بۆ ئێمە نەتوانین باشترتن خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان و بەخۆمان بکەین، ئەگەر بابەتەکان بە کەسی وەربگرین، کەسێک دەوڵەمەندە و دەیەوێت چێژ لە ژیانی وەربگرێت و خانوو و ئۆتۆمبێلێکی جوانی هەبێت، بە تەنیا لە وڵاتێکی هەژار ئایا دەتوانێت، خەڵکی چاوی تەماعی تێدەبڕن و قسەی لەسەر دەکەن، بۆیە ناتوانێت، بەڵام ئەگەر هەموویان بە یەکەوە ژیانیان باش بێت، ئەو کاتە دەتوانێت چێژ لە ژیانی خۆی وەبگرێت، ئەمە وەک نموونەیەکی سادە.
مەسرور بارزانی لە بارەی کار و ئەدای بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکانی حکوومەت گوتی: لەسەر ئاستی کەسی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی ئێوە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک دەکەن، چەند دادپەروەرن، چەند ڕاستگۆن، چەند ئەمانەت پارێزن لەگەڵ خوا و خەڵکی خۆتان و ویژدانتان، چونکە بڕواتان هەبێت هیچ شاراوەیەک تاوەکوو سەر نابێت، ئەوەی باش بێت پاداشتی چاکەکەی دەبینێتەوە، ئەوەشی خراپ بێت ڕۆژێک لە ڕۆژان سزای خراپییەکەی هەر وەردەگرێتەوە، جا باشترین شت ئەوەیە ڕاستگۆبین لەگەڵ خوا و ویژدانی خۆمان. مرۆڤ یان لە خوا دەترسێ یان لە یاسا، ئەگەر یاسا نەما و ویژدانیش نەبوو، ئەو کاتە بەربەڕەڵایی دروست دەبێت، جا بۆتە تکا دەکەم با وای لێ نەیەت کەسێک لەترسی سزادان کاری خراپە نەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە با لە خۆشەویستی و پاداشت کاری باشە بکات. ئەگەر ئێوەش ئەمە بکەن، ئەوە زۆر زۆر سەرکەوتوو دەبن و خەڵکیش لێتان ڕازی دەبێت، دەشتوانن خۆتان خۆشەویست بکەن و خەڵکێکی زۆریش لە دەوروبەری خۆتان کۆ بکەنەوە. هەروەها دەتوانن خزمەتی ئامانج و بیروباوەڕەکانیشتان بکەن هاوکات خزمەتی ئەو ڕێبازەش بکەن کە بڕواتان پێیەتی، ئەمە لە ڕووی ئەدای ئێوە وەکوو کەسێتی.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: زۆر شت دەزانم، بەڵام بڕوام بەوە هەبووە کە دەرفەتی دووبارە بە کەسەکان بدرێتەوە یان بەلایەنێکی بدەم. بەڵام ئەگەر هەڵە زۆر دووبارە کرایەوە، ئیتر تەواو، هەربۆیە ئەگەر چاوپۆشی لە هەڵەکراوە، بەو مانایە نییە تاوەکوو سەر چاوپۆشی لە هەڵە دەکرێت، تا ماوەیەکە و دوای ئەوە دەوەستێت.
مەسرور بارزانی باسی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی حکوومەت و دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم کرد و گوتی: من کە هاتم زۆر خەڵک وایدەزانی زۆر توند دەبم و خەڵک دەگرم و خەڵک لادەدەم، بەڵام وا نەبوو، چونکە بڕوای من ئەوە نییە خەڵکی بە سزادان تەنبێ بکەی، بەڵکو من دەمەوێت خەڵک خۆی چاک بکاتەوە و ئەوەشی خراپە خۆی بگەڕێتەوە، دەرفەتی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر خۆی نەیەوێت، ئەوکاتە با کەس گلەیی نەکات، وابزانم ئەو دەرفەتەش دراو و تاقیکرایەوە و کۆتایی هات.
گوتیشی: لەمەودوا تەحەمولی خراپە ناکرێت، ئەگەر سزا هەبێت با کەس گلەیی نەکات، بۆیە من داواتان لێدەکەوم خۆتان لە کەس بە گەورەتر مەزانن، ئێوە ئەمانەتێکتان کەوتووەتە سەر شان دەبێت خزمەتی ئەم خەڵکە بکەن، خوا ئێوەی دەست نیشان کردووە بۆ ئەوەی خزمەتی ئەو خەڵکە بکەن، ئەگەر خزمەت نەکەیت، ئەوە یەکێکی دیکە دێت، چونکە ئەم مەناتە دەبێت وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەگەر کەسێکمان ئامادە نەبێت، ئەم ئەمانەتە بەدروستی جێبەجێی بکەین، خوا لێمان دەستێنێتەوە و دەیدات بە کەسێکی تر، جا بۆ ئەم دەرفەتە خۆتان نەتوانن باشتر سوودی لێوەربگرن.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە ڕووی بەرنامەی حکوومەت و ئەجێندای حکوومەت، من نامەوێت چاوەڕێی ئەوە بکەین مانگ بە مانگ مووچە وەربگرین، نامەوێت بەراوردی خۆمان بکەین بە شارێکی تر، دەمەوێت کام شار خۆشترینە لە جیهان هەوڵ بدەین وەک ئەوانمان لێبێت، یان خەیاڵ مەکە، یانیش کە دەیکەی با وا بەرز بێت کە شایەنی بێت، بۆ نەتوانین هەولێر بکەینە خۆشترین شاری دوونیا، ئەگەر خۆمان بڕوامان پێ نەبێت ناتوانین بیکەین، دەبێت یەکەم شت بڕوامان هەبێت و ئینجا بیری لێ بکەیەنەوە کە چۆن دەیکەین هیچ وڵاتێک، شارێك و کۆمەڵگەیەک پێشنەکەوتووە ئەگەر خۆیان بڕوایان بە پێشکەوتنی خۆیان نەبێت، دەمەوێت کوردستان لە ئاستێکی وا بێت هەموو جیهان باسی بکات و چاو لە کوردستان بکەن، خوا نیعمەتێکی گەورەی پێداوین و خەڵکێکی تێگەیشتووی پێداوین، کۆمەڵێک زانکۆمان هەیە بۆ نەتوانین ئاستی خوێندنمان بەرز بکەینەوە، دامەزراوەی متمانەبەخشینمان داناوە کە گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن.
هاوکات سەرۆک وەزیران دەڵێت: دەمەوێت خزمەتگوزارییەکان بە جۆرێک بێت هاووڵاتی هەست بە ئاسوودەیی بکات و هەست بە بێزاری نەکات، دەبێت کەرتی تەندروستی بە جۆرێک پێشبخەین، نەک تەنیا هاووڵاتی پێویستی بە دەرەوەی وڵات نەبێت، بەڵکو دەبێت خەڵکی دیکە بۆ چارەسەری تەندروستی سەردانی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئەمەش ببێتە بابەتێکی دیکە بۆ زیادکردنی داهات، خەڵکی کوردستان میواندۆستن دەبێت ئەو کولتووری میواندۆستەی کوردستان لە هەموو شوێنێک ڕەنگ بداتەوە.
لەبارەی کێشەی کەمئاوی ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان کێشەی کەمئاوی هەبوو ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایەی کە داینابوو پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بکات، چەندین ساڵ پارەیەکی زۆری خەرج کرد و بەڵام بەداخەوە جێبەجێیان نەکرد، بۆیە بڕیاری ئەوەمان دا پرۆژەی فریاگوزاری خێرا دابنێن تا کێشەی کەمئاوی لە هەولێر چارە بکرێت و لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە تا 30 ساڵی داهاتوو هەولێر کێشەی ئاوی نابێت، پرۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ماوەی 18 مانگدا تەواو دەبێت، لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا بۆ هەولێر دێت، ئەمەش وادەکات ناچار نەبین چاومان لە ئاوی ژێرزەوی بێت، چونکە ئاوی ژێرزەوی ڕێژەکەی لە کەمبوونەوەدایە و ئەگەر بەردەوام پشت بەو ببەستین کێشە بۆ نەوەی داهاتوو دروست دەبێت، بەڵکو هەوڵمان داوە لە ڕێگەی دیکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاو ببینەوە، ژمارەیەکی زۆر لە پۆند و بەنداومان دروست کردووە کە دەبنە هۆی گلدانەوەی ئاو، کە بۆ بابەتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاریش سوودی زۆری دەبێت.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هەندێک لە پسپۆران خەریکی ئەوەین کە چۆن بتوانین سوود لە ئاوی باران وەربگرین وا بکەین ئەو ئاوە دووبارە بچێتەوە ژێرزەوی و بۆ ئەوەی یارمەتی پڕکردنەوەی بیرەئاوەکان بدات، تەکنەنلۆجیای نوێ هەیە لە چەند شوێنێکیش بەکارهاتووە سەرکەوتوو بووە بۆ دووبارە پڕکردنەوەی بیرەئاوەکان، دەمانەوێت وڵاتێکی وا دروست بکەین لەسەر بناغەیەکی وا بێت کە پێداویستی خەڵکەکەی دابین بکات و بەردەوام لە گەشەسەندن دابێت. لە دروستکردنی بەنداوەکان ڕەچاوی هەموو شتێک کراوە کە شوێنی مێژوویی تێک نەدات و موڵکی خەڵک زیانی پێنەگات، لەگەڵ پسپۆرانی بیانی ئەم بابەتانەمان هەموو باس کردووە خوێندنەوەمان بۆ هەموو بارودۆخەکان کردووە، کە چۆن وا بکەین کێشەی کەمئاوی بنبڕ بکەین، هەورەها کێشەی ئاسایشی خۆراکمان نەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە ناچار نەبن لە برسێتییان تەنازوولی سیاسی بکەن، ئامانجی ئێمە ئەوەیە میللەت برسی و ناچار نەبێت.
مەسرور بارزانی، دووپاتی کردەوە، زۆر بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و هەموو سێکتەرەکان پێشخستنی وڵاتەکەمان باشتر بکەین، کەرتی کارەباش یەکێکە لەو کەرتە گرنگانە کە زۆر پێویستە بۆ ژیانی هاووڵاتی، ئێمە لە ئێستادا کێشەی وێستگەی کارەبامان نییە و وێستگەی کارەبامان زۆرە، لەم کابینەیە چەندین ملیار دۆلارمان خەرج کردووە تەنیا بۆ دروستکردنەوەی ژێرخانی گەیاندنی کارەبا، بەڵام ئێمە کێشەی دابینکردنی سووتەمنیمان بۆ وێستگەکان هەیە، ویستمان ڕێژەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکان بەرز بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە ڕێگری کرا و نەیانهێشت ڕێژەکە بەرز بکەینەوە و کردیان بە پرسێکی سیاسی، ئەگەر ئەو ڕێگرییە نەبووایە دوو ساڵ بەر لە ئێستا کێشەی کارەبا چارە دەکرا، ئێمە بیرمان لە بەرنامەی دیکە کردووەتەوە بۆ چارەکردنی کێشەی کەمی کارەبا، ئەویش دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر، پێش چەند ڕۆژێکیش لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای جیهانیی کۆبووینەوە کە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بێن یارمەتیمان بدەن لەو بوارە، ئەمەش وا دەکات کارەبا بە ڕێژەیەک زیاد بکات کە پێویستی هاووڵاتییان دابین بکات و هەروەها ڕێژەیەکی زۆریش بفرۆشین. لەبری ئەوەی نەوت و گاز بۆ کارەبا بەکاربهێنین، بۆ شتی دیکە بەکاری دەهێنین، بیر لە زیادکردنی بەرهەمی پترۆکیمایی دەکەینەوە، بەرنامەمان گەلێ زۆرە دڵنیام کوردستان زۆر گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئاستی ژیانی هاووڵاتییان دەگۆڕێت و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت.
سەرۆک وەزیران، دەڵێت: کێشەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان نە بیرۆکەیە نا داهاتە، بەڵکو کێشەی ئێمە ئەوەیە چینێکی نەزانی سیاسی هەن کە ڕێگرن و ناهێڵن داهات بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکاربهێندرێت، ناهێڵن وڵاتمان بگات بە ئاستێک کە شایەنی خەڵکە دڵسۆزەکەی بێت، داواکاری من ئەوەیە خەڵک تەنیا با دەرفەتمان پێ بدەن، ئەم دەرفەتەش بە قسە و بە توڕەبوون ناکرێت، خەڵک دەبێت بڕیار بدات، خەڵک بەبێ هەڵوێستی بڕیار نادات، گرنگترین وەبەرهێنان، وەبەرهێنانە لە ئەقڵی هاووڵاتیی، ئەمەش کاری زانکۆکانە کە دەبێت خەڵک بە شێوەیەک پێبگەینن خۆی بڕیار بدات.
هەر لەبارەی کارەباوە، مەسرور بارزانی، ڕوونی کردەوە، ئێستا لە دوو گەڕەکی هەولێر کارەبا کراوەتە 24 کاتژمێری، خەریکین لە گەڕەکێکی دیکەیش کارەبا دەکەینە 24 کاتژمێری، دەمانەوێت کارەبای هەموو شارەکانی کوردستان وای لێبێت، %95 دانیشتووانی دوو گەڕەکەکەی هەولێر لە کارەباکە ڕازین، هیوادارین ئەو شتانەی کە حکوومەت دەیکات بگاتە خەڵک، لە ئەنجامدا هەموو ئەو کار و پرۆژانەی کە جێبەجێ دەکرێن بۆ خاتری خەڵکە. گوتیشی: تەنیا میللەت سەربەز و بەختەوەر بێت، باکم بە یەک ناحەز نییە.
سەرۆک وەزیران، لە کۆتاییدا بە پارێزگار و بەرپرسە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەولێری ڕاگەیاند، دەمەوێت هەماهەنگییەکی باشتان لەگەڵ هاووڵاتییان هەبێت، دەبێت لە خەڵک نزیکترین کەس بن، کەسیشتان با لەخۆبایی نەبێت، چونکە ئەوەی دەیەوێت گەورە بێت دەبێت لە دڵی خەڵک گەورە بێت، کەس بە پلە و پایە گەورە نابێت، هەر سەرکەوتوو بن ئینشائەڵڵا.