"مێسیی بەغدا" لە فێستیڤاڵە عەرەبییەکان دوو خەڵات بەدەست دەهێنێت

فیلمی مێسیی بەغدا
فیلمی مێسیی بەغدا

فیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهینانی دەرهێنەری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، ، دوو خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییە عەرەبییەکان وەردەگرێت، یەکەمیان لە فێستیڤاڵی فیلمی کازەبلانکا لە مەغریب و دووەمیان لە فێستیڤاڵی فیلمی وەهران لە جەزائیر.

"مێسیی بەغدا" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 12ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی وەهران بۆ فیلمی عەرەبی بەشداربوو، توانی خەڵاتی برۆنزی لیژنەی دادوەریی بەدەستبێنێت و دەرهێنەری فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو.

فێستیڤاڵەکە بە بەشداری 60 فیلم لە بەشی جیاوازدا لە پێشبڕکێ دابوون و لە 4-10ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری وەهرانی جەزائیر بەڕێوەچوو کە شارێکی کەنار دەریاییە و دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە. ئەمەش دەبێتە یەکەم خولی دوای شەش ساڵ وەستان.

"مێسیی بەغدا" وێنەیەکی کاریگەری واقیعی عێراق، لە رێگەی چیرۆکی حەموودی تەمەن 11 ساڵ دەخاتەڕوو کە لە پێناو تۆپی پێ دەژی و خەون بەوە دەبینێت ئایندەی وەک پاڵەوانەکەی، مێسی بێت. بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە لە بەغدا، قاچێکی لەدەست دەدات، بەڵام دەستبەرداری خەونەکەی نابێت و دایک و باوکی لە پێناو پاراستنی خێزانەکەیان، پاڵپشتی دەکەن.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کازەبلانکا لە مەغریب، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەست هێنا. چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 6-13ـی ئەیلوولی 2024 بەڕێوەچوو.

سەهیم عومەر خەلیفە کە لە زاخۆ لەدایک بووە و لە بەلجیکا دەژی و هەر لەو وڵاتە ماستەری لە سینەمادا بەدەست هێناوە، لە ئەیلوولی ڕابردوو، خەڵاتی تایبەتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی پێبەخشرا.

لە ئابی ئەمساڵ، "مێسیی بەغدا" لە دوای بەشداربوون لە 35 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا، بۆ نوێنەرایەتیی عێراق لە خەڵاتەکانی ئۆسکاری 2025 هەڵبژێردرا.

فیلمەکە چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەست هێناوە، لەوانە، خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن لیژنەی دادوەری گەنجان لە 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شلینجل، باشترین فیلم، باشترین دەرهینەر و سیناریۆ لە 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا، فیلمی دەستپێکی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو و خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی، هەروەها خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر و ئاماژەپێدانی تایبەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا.