ڕاگەیەندراوێک لە لێژنەی باڵای پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لێژنەی باڵای پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داوای لێبوردن لە دەیان هەزار لایەنگری پارتی دەکات، کە بەهۆی زۆری بەشداربووان دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا بێنە ناو یاریگەی دهۆک و بەشداری لە ئاهەنگی جەماوەریی پارتی بکەن.
لێژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە هۆی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر و فراوانی جەماوەری پارتی لە ناو یاریگای دهۆک، داوای لێبووردن لەو دەیان هەزار هاندەر و لایەنگری حزبەکە دەکەین کە بەهۆی زۆری بەشداربووان نەیانتوانی بێنە ناو یاریگاکە و بەشداری لە کەرنەڤاڵە مەزنەکە بکەن.
لێژنەکە سوپاس و پێزانینی بۆ دڵسۆزی و پەرۆشیی سەرجەم جەماوەری شاری دهۆک و بادینان دەربڕی، هاوکات داوای لێبووردنیان لێدەکات.
شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری لە نێو یاریگای دهۆک بەڕێوە چوو.