ئەمەریکا سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە ئیسرائیل جێگیر دەکات

مێدیاکانی ئیسرائیل: سیستمە ئەمەریکییەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێرانە

سیتمی بەرگری مووشەکی ساد (وێنە: ئەرشیف)
سیتمی بەرگری مووشەکی ساد (وێنە: ئەرشیف)

مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، ئەمەریکا بە خێرایی سیستمی بەرگری مووشەکیی پێشکەوتووی ساد (THAAD) دەگوازێتەوە ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییە بالستییەکانی ئێران، بەرگری لە ئیسرائیل بکات.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاماژەی داوە، ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لەسەر داواکاری ئیسرائیلە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی بە پێدانی پشتیوانیی لۆجستی، ناردنی پێداویستی زیاتری سەربازی و بواری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ئیسرائیل و ناوچەکە بەهێز بکات.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵە ئیسرائیلییەکە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ساد لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لەسەر خاکی ئیسرائیل سەرپەرشتی دەکرێ و بەکار دەهێنرێت.

هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە هەنگاوی یەکەمەدا ئەمەریکا تەنیا یەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ساد لە ئیسرائیل جێگیر دەکات.

سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ساد سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی مووشەکییە لە بەرزترین خاڵی ئاسماندا بە خێرایی و وردییەوە بەرپەرچی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکان دەداتەوە، هەروا یەکێکە لە تۆڕە ستراتیجییەکانی بەرگریی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ ڕێگری و تێکشکاندنی هەر هێرشێکی چڕی مووشەکی.

تایبەتمەندییەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ساد:

توانای بەرگری و پێکان:  ساد دەتوانێت لە ناو بەرگە هەوا و دەرەوەی بەرگە هەوادا بەرپەرچی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکان بداتەوە.

فراوانی سنووری بەرگری: پارێزگاری لە ناوچە فراوان دەکات و بەرپەرچی هەموو ئەو مووشەکانە دەداتەوە کە لە دوورەوە ئاراستە دەکرێن.

نەرمی کارکردن: بە ئاسانی لەسەر زەوی جێگۆرکێ بە سەکۆی سیستمەکە دەکرێت و لەگەڵ بارودۆخ و شوێنە جیاوازەکاندا خۆی دەگونجێنێت.

گرنگی سیستەمەکە: بەشێکی گرنگ و کاریگەرە لە ستراتیجییەتی بەرگریی مووشەکی و سەربازیی ئەمەریکا، لەلایەن کۆریای باشوور، ژاپۆن و ئیمارات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مووشەکی بەکاردەهێنرێت.

هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل:

تاوەکوو ئێستا ئێران دووجار هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل، هێرشی یەکەمی لە 13ی نیسانی 2023 بوو، دووەمیش لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسداران و سوپای فەرمی ئێران بە 180 مووشەکی بالیسی هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل. لە بارەی هێرشەکانیشەوە تاران ڕایگەیاندووە، لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و عەباس نیلفرۆشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و بریندارکردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بەیرووت هێرشەکانیان کردووە.