ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەکات
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە مێدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە: "ئەمڕۆ، 13ی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی بەغدا دەکات".
بەقایی ئاماژەی داوە: "لە چوارچێوەی گەشتە دیپلۆماتییەکەیدا بۆ ناوچەکە، عراقچی بە سەرۆکایەتیی شاندیكی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی دەگاتە بەغدا و لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی دیکەی باڵای حکوومەتی عێراق دیدار و گفتوگۆی دەبێت".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە: "سەبارەت بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی تاران – بەغدا لە لایەنی ئابووری و ئەمنییەوە لەگەڵ دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ فەڵەستین و لوبنان گفتوگۆ دەکەن".