ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ: لە سێدارەدانی بەکۆمەڵ لە عێراق هەیە

پەتی سێدارە
پەتی سێدارە

ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، لە عێراقدا لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ هەیە و داوا لە سەرۆک کۆماری عێراقیش دەکات ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدات.

ڕێکخراوی ئافات، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤە ئاشکرای دەکات: "لە عێراقدا ڕێژەی لە سێدارەدان زیادی کردووە. هەندێکجار لە سێدارەدانی بەکۆمەڵ لە زیندانەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت". ئەو ڕێکخراوە ئاماژە بەوە دەکات: "هەندێجار بەندکراوە بە تەمەن و نەخۆشەکانیش لە سێدارە دەدرێن، لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە زیندانی کراوانی بێتاوان لەژێر ئەشکەنجەدا دەمرن" .

ڕێکخراوی ئافات ڕاشیدەگەیەنێت: "تەنها لە ساڵی 2023 دا، نزیکەی 50 کەس لە گرتووخانەی حووت لە پارێزگای ناسریە لە سێدارەدراون و تەرمەکانیشیان دراونەتەوە خانەوادەکانیان". ئەو ڕێکخراوە داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدات لەبەر ئەوەی خۆی ئیمزای لەسەر لە سێدارەدانی ئەو کەسانە کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لەوانەی لە سێدارە دەدرێن، بەهۆی بازرگانییکردنە بە ماددەی هۆشبەر.  

زیندانی ناوەندیی ناسریە، کە بە زیندانی حووت ناسراوە، لە ساڵی 2008 کراوەتەوە، زۆر بە توندی پاسەوانیی دەکرێت. بەندیخانەکە کەوتووەتە نزیک ناسریە لە پارێزگای زیقاری عێراق و گەورەترین گرتووخانەیە له باشووری عێراقدا.