رووماڵ

هێمن هەورامی: تیمی یەکێتی لە حکوومەت گوتیان دەستتان بۆ خاڵە سنوورییەکان ببەن شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت

هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات: "سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، هەوڵی دا هێزێکی هاوبەش لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دروست بکات بۆ ڕێگریی لە دزی و تاڵانکردن و قاچاخچیەتی دەروازە سنوورییەکان، کەچی تیمی یەکێتی لە حکوومەت بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەت گوتیان: ئەو هێزە هاوبەشە بچێتە ئەو دەروازە سنووریانە، شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت".

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی( ئێکس)ـی کوردستان24 کە کۆڤان عزەت پێشکەشی دەکات، ئاشکرای کرد: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕێگریی لەو دزی و قاچاخچیەتی و تاڵانییەی لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشنیازی کرد بڕیارێک بەناوی حکوومەتی هەریمی کوردستان دەربچێت، هێزێکی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە کە وەزیرەکەی یەکێتیە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ پێک بێت، لە سنووری حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە دەست پێ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە قاچاخچییەتی بگیرێت، ئینجا بچنە باشماغ و پەروێز خان، تیمی یەکێتی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتیان ئەگەر ئەو هێزە بچێتە ئەو سنوورانە شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت".

هەورامی دەپرسێت: "کێ شەڕی ناوخۆ دروست دەکات؟ چ هێزێک لە سلێمانی و هەڵەبجە خۆی بە گەورەتر لە هێزی هاوبەشی حکوومەت دەزانێت تا بتوانێت شەڕی ناوخۆ دروست بکات؟ ئەوە یەک لەو نموونانەیە کە دەڵێین ڕێگریمان کردووە لە دزی و تاڵانکردن و قاچاخچیەتی".