وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئاماری کوژراو و بریندارانی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان کۆی گشتی قوربانیانی لوبنانی ڕاگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران و بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، 2306 کەس کوژراون و 10698 کەسیش برینداربوون".

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆمبارانی کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کرد، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵلا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هاوکات ڕۆژی  پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنی بۆ سووریا.

هاوکات کەمێک بەر لە ئێستا، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا بۆ سەر کەمپێکی سەربازی ئیسرائیل لە حەیفای باکووری وڵاتەکە، 3 سەرباز کوژران و 67ـی دیکە بریندار بوون، هاوکات ئەمە بە خوێناویترین هێرش لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حزبوڵڵا و ئیسرائیلەوە پێناسە دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە حزبوڵڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هێرشی فڕۆکی بێفڕۆکەوانەکە بۆ سەر شاری بینیامینەی باشووری حەیفا، کە کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی سوپای ئیسرائیلی لێ بووە، ژمارەیەک کوژرا و برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیسرائیل تودەی، ئاگادارکەرەوەکان پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەی ئامانج لێیان نەداوە. هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە نەیتوانیوە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەستنیشان بکات، هەروەها لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکارەکەی بەردەوامە.