حزبوڵلا چوار سەربازی ئیسرائیلیی کوشت و دەیانی دیکەشی بریندار کرد
لە ئەنجامی هێرشێکی حزبوڵلا بۆ سەر باشووری حەیفا چوار سەربازی ئیسرائیل کوژران و 67 سەربازی دیکەش بریندار بوون کە برینی هەندێکیان سەختە.
ئێوارەی دوێنیێ یەکشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەری 2024، حزبوڵلای لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "لە ڕێگەی درۆنەوە ئۆپەراسیۆنێکمان دژی سوپای ئیسرائیل کرد و توانیمان هێلی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل ببڕین و هێرش بکەینە سەریان، ئەوەش وەک پشتیوانییەک بۆ گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و پشتیوانی لە بەرەی مقاوەمە و بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی".
ئاماژەی بەوەش دا: "لە ڕێگەی چەند درۆن و مووشەکێکی پێشکەوتووەوە توانییان هێرش بکەنە سەر هەرسێ ناوچەی عەکا و نەهاری و حەیفا لە ئیسرائیل و وسیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتە ببەزێنن".
هەروەها دەشڵێت: "توانیویانە یەکەیەکی سوپای ئیسرائیلیان لەناو بەرێن لە جۆلان، بەهۆی ئەوەی سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل نەیتوانیوە درۆنەکانیان ئاشکرا بکات".
مێدیای سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند: "ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕێگریی لە هێرشی زەوینی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان"