سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و پارکێکی لە قەزای عەنکاوە دانا
دووشەممە، 14-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەزای عەنکاوە، بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ( بێث حدیاب) بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی عەنکاوە و دروستکردنی پارکی (گەنناثا دبابل)ی دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا: "سەربەزین لە وڵاتێکدا دەژین وڵاتی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەیە و مایەی شانازیمانە عەنکاوەش شاری بەیەکەوەژیان و ئاشتی و برایەتییە".
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: "دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر، بڕیاری بە قەزابوونی عەنکاوەمان دا، ئێستا عەنکاوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندن و گەورە بووندایە و بووەتە نموونەیەکی هەرە دیاری بەیەکەوەژیان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکێکی زۆر لە کریستیانەکان بە هۆی جیاواز و بە ناچاریی، لە بەغدا و دەشتی نەینەوا و سووریا ، هاتوونەتە عەنکاوە و ئێرە بووەتە شوێن و پەناگەیەک بۆ کریستیانەکان لەم دەڤەرە . ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی کریستیانەکان لە شوێنەکانی تر کەم دەبێتەوە بەڵام دەبینین لە عەنکاوە، ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵانە، ژمارەی کریستیانەکان لە زياتر و بەرفراوانتر دەبێت چونکە هەست دەکەن ئێرە شوێنێکی ئارامە و ماڵی خۆیانە .لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی دەیانەوێ بە ئارەزوو و خواستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمڕۆ دوو پڕۆژەی گرنگ لە عەنکاوە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، کە یەکێکیان دروستکردنی 720 یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ خەڵکی کریستیانی عەنکاوە، ئەوانەی کە کرێنشینن و هەژار و کەمدرامەتن . ئەم یەکانەش بە نرخێکی زۆر گونجا و و بە قیستی درێژخایەن پێیان دەدرێت".
"پڕۆژەی دووەمیش دروستکردنی پارکێکە لە عەنکاوە، کە دەبێتە یەکێک لە پارکە گەورەکانی عەنکاوە کە لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت. کە لە چەندین بەشی گرنگ پێک دێت، وەک شوێنی یاری منداڵان، شوێنی وەرزش، شوێنی پارکی ئۆتۆمبێل و ئاوپرژە؛ ئەمە جیا لەوەی ڕووبەرێکی زۆر لە پارکەکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە و بە تەواوبوونی، دەبێتە شوێنێکی گرنگ و دیار بۆ پشوودان لە عەنکاوە" .
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت مژدەیەکی بۆ دانیشتووانی شاری عەنکاوە ڕاگەیاند: "ئەو کێشە و گرفتانەی کە چەند ساڵێکە بە هۆی جیاواز، وەک ئەوەی زەوییەکانیان بەر سەربازگەی پێشووی ڕژێمی عێراق و فڕۆکەخانە کەوتوون و هەموو ئەوانەی زیانیان پێ کەوتووە ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە پێک هێنرا، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە".