کارگەی ڕیسایکلینی سۆران 100 هەلی کار دەڕەخسێنێت

دوای به‌ڵێنی دامه‌زراندی كارگه‌یه‌كی ڕیسایكلین له‌سۆران له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌بڕی 24 ملیار دینار به‌ردی بناخه‌ی كارگه‌كه‌ دانرا، كارگه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 125 هه‌زار مه‌تر دووجا له‌ ماوه‌ی 18 مانگدا دروست دەکرێت.

دانانی به‌ردی بناخه‌ی پرۆژه‌یه‌كی ستراتیجیی له‌ سۆران، گرفتێكی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌ چاره‌ ده‌كات، كارگه‌ی ڕیسایكلین ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی به‌دانیشتوانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ دابوو به‌بڕی 24 ملیار دینار بەردی بناخەی بۆ داندرا.

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیە کاریگەری ژینگەیی باشی دەبێت. هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ دروستکردنی ئەو پرۆژەیە".

 300  بۆ 350 تۆن زبڵ و پاشماوه‌ی ڕۆژانه‌ی ئیداره‌ی سۆران بووەته‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤه‌كان و ژینگه‌ به‌گشتی، لێره‌وه‌ هه‌نگاوی چاره‌كردنی ڕیشه‌یی ده‌ستی پێ كرد و لە بارێکی گرانەوە بۆ سەرچاوەی داهات.

خه‌سره‌و ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانیه‌كانی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە لە ڕووی ئابووریەوە سوودێکی زۆری دەبێت، هەروەها دەتوانرێت دووبارە ئەو مەوادانە بەکار بهێنرێتەوە کە لەو کارگەیەدا ڕیسایکلین دەکرێت". 

كارگه‌ی ڕیسایكلینی سۆران له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 125 هه‌زار مه‌تر دوجا له‌ماوه‌ی 18 مانگدا جێبه‌جێ ده‌كرێت و ڕۆژانه‌ توانای وه‌رگرتنی 400 تۆن پاشماوه‌ی هه‌یه‌، سه‌د هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت و زبڵ و پاشماوه‌ی 24 شاره‌وانی ناوچه‌كه‌ لێره‌ شی ده‌كرێته‌وه‌. كارگه‌كه‌ به‌شێكی جیاوازی هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه ‌پزیشكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی.