سەرۆک بارزانی: پێویستە هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و بە شەفافی بەڕێوە بچێت
سێشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە د. محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی: "لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە د. محەممەد ئەلحەسسان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەی دا".
هەر لەو دیدارەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی یونامی لە چارەکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی سەقامگیریی ئاڵوگۆڕ کرا".
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێویستیی بەڕێوەچوونی لە کەشێکی ئارام و شەفاف تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوون.