سەرۆک بارزانی: دوای هەڵبژاردن پارتی بە دڵێكی فراوان دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكات
سەرۆک بارزانی لەنێو ئاپۆرای جەماوەری پارتی لە شاری هەولێر بۆ پاڵپشتی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: خواست و ویستی خەڵكی كوردستان دەبێتە بەرنامەی كابینەی داهاتوو، دەشڵێت: دوای هەڵبژاردن پارتی بە دڵێكی فراوان دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكات.
سێشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک بارزانی لەنێو ئاپۆرای جەماوەری پارتی لە شاری هەولێر بۆ پاڵپشتی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکیدا گوتی:خواست و ویستی خەڵكی كوردستان دەبێتە بەرنامەی كابینەی داهاتوو، خزمەتگوزاریی زیاتر، ئەمن و ئاسایشی زیاتر، بارسووككردنی سەرشانی خەڵكی كوردستان، گوتیشی: دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە كوردستان بمێنێت، یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە، كۆتایی هێنان بە هاوپەیمانیی مافیا و تیرۆر، لە هەمووشی گرنگتر، كۆتاییهێنان بە بازرگانی و دروستكردنی ماددەی هۆشبەر كە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاییندەی ئەم میللەتە و گەورەترین خیانەتە بەرامبەر بەم میللەتە دەكرێت.
سەرۆک بارزانی گوتی: با تەماشای دروشمەكان بكەین، درووشمی پارتی درووشمی حزبێكە كە هەست بە مەسئولیەتی مێژوویی خۆی دەكات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری، پارتی وەسیلەیە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان، دەڵێت: با تەماشای دروشمەكانی لایەنەكانی تریش بكەین، هەندێكیان، لادانە و نەهێشتنە و دەركردنە، بەخوا خۆشیان دەزانن كە پێیان ناكرێ و ناتوانن، دروشمی ناواقیعییانە، خۆشیان دەزانن ناتوانن، قسەی زل و وەعدی بێ وەفا ئاسانە، بەڵام شەرت كردارە، پارتی حزبی كردارە نەك هی قسە.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: تەماشای ئەو كابینانەی كە پارتی سەرۆكایەتی كردووە، هەر لە 1992ەوە تا ئەمڕۆ، لە خزمەتگوزاریی زیاتر هیچی تر نەبووە، ڕاستە هەڵەش كراوە، ئەوەی ئیش نەكات، هەڵە ناكات، ئەوەی كار بكات، هەڵە دەكات، بەڵام ئەو خزمەتەی كە كراوە و پێشكەش بە خەڵكی كوردستان كراوە، نە منەتی تێدایە، بەڵام جێی شانازییە بۆ ئێمە.
سەرۆک بارزانی گوتی: تەمەننام دەكرد دروشمەكانی لایەنەكانی تر كێبڕكێ با لەگەڵ پارتی لەسەر پرۆژەی باشتر، خزمەتگوزاریی باشتر، تەبایی و برایەتیی قووڵتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەر، پارتی بە دڵێكی فراوان، بە هەستكردن بە مەسئولیەتێكی گەورە، دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكات، مەرجی ئێمە تەنیا یەك مەرجە، دڵسۆزی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاكی كوردستان، گوتی: من بەو بەڕێزانە دەڵێم، كاكە ئێمە هەموومان ئاخیری كوردین، كوردستانین، خەڵكی ئەم وڵاتەین، بیر لەوە نەكەنەوە بە دژایەتی و تەحەدای پارتی شتتان دەست بكەوێت، بەخوا ئەوەی بە دۆستایەتی و بە برایەتی لەگەڵ پارتی دەستتان دەكەوێت، بە حەیاتی بەزۆری دەستتان ناكەوێت و ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن كە پارتی بڕووخێنن، كاكی خۆم، كەسانی لە ئێوە گەورەتر، زاناتر، دەوڵەتی بەهێز، خۆیان تەجرووبە كرد و خۆیان ڕووخان، پارتی هەر ما و هەر دەمێنێت، پارتی داربەڕووە داربەڕوو.