په‌رله‌مانتاران پشتیوانی گوتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی و چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن
K24 - هەولێر:
مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی رۆژی هەینی، 22ى 5ى 2020 گوتارێکی پێشکەش کرد، لە گوتارەکەیدا به وردی باسی له پلانه‌كانی ئێستای حكومه‌ت كرد به تایبه‌تی لەبارەی دۆخی دارایی، پرسی چاكسازی و هه‌ڵوێستی حكومه‌ت له باره‌ی پرسی لامه‌ركه‌زی.
سه‌رۆكی حكومه‌ت له گوتاره‌كه‌یدا، گوتی: "ئێمە سوورین لە سەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاکسازی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بێگومان لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا، بەرژەوەندیی خەڵکانێک کە سەرپێچی و گەندەڵیان کردووە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەکخستنی دەدەن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن، بەڵام چاکسازی داواکاری زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و منیش لە بەرەی هاووڵاتییان دەمێنمەوە. بە پاڵپشتی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە چاکسازی بەردەوام دەبین. هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە. بێگومان دەبێ چاکسازیش گشتگیر و سەرتاسەری بێت و هەمووان بگرێتەوە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات".
ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆچوونی خۆیان لەبارەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و دڵنیایی دەدەن لەوەی بە جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەت، هەرێمی کوردستان ئەو دۆخە سەختەی ئێستای تێدەپەڕێنێت، کە هۆکارەکەی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و لێکەوتە ئابوورییە خراپەکانی، هەروەها پەیوەندیی هەولێر و بەغدایە بەهۆی ناجێگیریی دۆخی سیاسی لە عێراق.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی: ئەم پێداگرییەی سه‌رۆكی حكومه‌ت هیوای گەڕاندەوە
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکیدا دەڵێ "ئەم دڵنیایی و پێداگرییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، سەرلە نوێ شەوقی ئومێد و هیوای گەڕاندەوە و هێزی بەخشی بە ئیرادەی هەموو چاکسازیخواز و دژە گەندەڵێک. بەڵێ بوونی قەیرانی دارایی و ژاوەژاوی هەندێک لایەن رێگرنابن لە پلانەکانی چاکسازی تاگەیشتن بە خاڵی ئامانج لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان".
"با چاو لە دونیا بکەین"
رزگار عیسا سوار, په‌رله‌مانتار ده‌ڵێت: "با چاو لە دونیا بکەین" و ئەو پەرلەمانتارە له وتارێكدا هۆکارەکانی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێ "من دڵنیام سەرۆک وەزیران بەو پەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ملی داوەتە بەر بەرپرسیاریێتی و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشکردنی ژیان و بژێویی خەڵکی کوردستان، بەڵام دەبێت بزانین تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە دەرهاوێشتەی: بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و جێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستانە لەلایه‌ن بەغدا، ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە. پێویستە هەموو لایەک مل بدەنە بەر بەرپرسیاریێتی و هاوکاریی حکومەت، بە تایبەتی لە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا رزگار عیسا باسی شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان و کوردستان دەکات، ئاماژە بەوە دەدات "بە هۆی پەتای کۆرۆناوە جیهان بەگشتی رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە. لەهەموو وڵاتانی دونیا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و تاک بەتاکی خەڵک پێکەوە ملیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و کار بۆ دەربازکردنی ئەو دۆخە. کەواتە دەبێ لە کوردستانیش بەهەمان رۆح و گیانی بەرپرسیاریێتیەوە هەموومان مل بدەینە بەربەرپرسیارێتی و هاوکاریی حکومەت. ئەگەر وا نەکەیەن، ئەستەمە رەنگە مەحاڵیش بێت حکومەت بەتەنیا بتوانێت لەم دۆخە دژوارە دەربازمان بکات. بۆیە با چاو لە دونیا بکەین و خەمێک لە ئێستا‌و ئایندەی کوردستانەکەمان بخۆین. کاتی موزایەدەی سیاسی و یەکترشکاندن نییە، کاتی کردار و هەستکردنە بە بەرپرسیاریێتی".
"دەبێ چاکسازی و پاکسازی بکەین"
جوان یونس رۆژبەیانی, په‌رله‌مانتاری پارتی ئاماژه به‌وه ده‌كات، سەرۆک وەزیران راشكاوانە دوا، با ئێمەش راستگۆیانە پاڵپشتی بین و لە وتارێكیدا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه سەرۆکی حکومەت بنەماکانی حوکمڕانی و دەوڵەتداریی کابینەکەی خستەوە بەر گوێی هەموولایەک و راشکاوانە گوتی "بۆ ئەوەی بەهێز بین، دەبێ چاکسازی و پاکسازی بکەین".
جوان یونس رۆژبەیانی، پەرلەمانتار لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی "سەرۆک وەزیران راشکاوانە دوا، با ئێمەش راستگۆیانە پاڵپشتی بین" بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ سەرۆکی حکومەت: "بە ئاشکرا پێی گوتین بەرژەوەندییە کەسییەکان دەیانەوێ رێگری بکەن لە سەرکەوتنەکان، بەڵام جگە لە قسەی بریقەدار و ماندووکردنی دەروونی کوردستانییان، هەوڵەکانیان هیچی لێ سەوز نابێ و ئیرادەی سەرۆک وەزیران لە خەونی بەدینەهاتووی ئەوان زۆر بەهێزترە".
" دڵسۆزانی گەل و خاک و ئاڵا، رقیان لەوانەیە کە رقیان لە تۆیە"
لە دوای گوتارەکەی مەسرور بارزانی پەرلەمانتار سەروان هەرکی، لە وتارێکدا باس لەوە دەکات "ئەوانەی ھەوڵ و کۆششیان بۆ دروستکردنی ئارێشە و ئاڵۆزییەکانە و شەو و رۆژیان بۆ لاوازنیشاندانی ئەو حکومەتەیە، کە بەرنامەی کاری یەکەمی چاکسازی بێت، گومانی تێدا نییە ئەوانەن، کە گەندەڵی و ئاژاوەیان کردووەتە بەرنامەی کاریان و ھیچ کاتێك حەز بە سەرکەوتنی کەسێك ناکەن، کە ترسی ئەوەیان لێی ھەبێت سەروەربوونی یاسا لە کوردستان لەلای ئەو، لە سەرووی ھەر شتێکەوەیە و ھەڵگری ناسناوی پادشای ئارامییە. چۆن لایەنگری تۆ دەکەن، کە تۆ بوێرانە بڕیاری نەھێشتنی گەندەڵکاران دەدەیت، حەزی ئەوان پشێوی و ئاڵۆزییە، تاوەکو باشتر بتوانن بەرنامە گەندەڵکارەکانیان بۆ بچێتە سەر".
"گرنگە هەموومان پشتیوانی لە سیاسەتی سەرۆکی حکومەت بکەین"
گەلاوێژ عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گرنگی پاڵپشتیکردن لە بەرنامەی سەرۆکی حکومەتی لە وتارێکدا خستووەتەڕوو و ئاماژە بەوە دەدات "هەرچەندە دۆخی سەختی دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجامی چەندین هۆکاری سیاسی و مێژووییە، بەڵام گرنگە هەموومان پاڵپشتی لە سیاسەتی سەرۆکی حکومەت بکەین، چونکە هەموومان سوودمەند دەبین و کوردستان لە قەیرانەکان دەربازدەکات... سەرۆکی حکومەت گرنگیی تەواو بە سەروەریی یاسا دەدات، بۆیە هیچ کەسیک بەدەر نییە لە پرۆسەی چاکسازی".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە جەخت دەکاتەوە لەوەی "گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت دڵنیایی تەواوی دا بە خەڵک، کە هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش بەرەو باشتر دەڕۆن".
شێخ زاهیر خەیلانی: پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت گرنگ و راشکاو بوو
ئەو پەرلەمانتارەش لە بارەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت نووسیویەتی: "گوتارەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی گرنگ و راشکاو بوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، دەبێتە هۆی رەوینەوەی ئەو پرسیار و گومانانەی خەڵکانی رەشبین و داخ لە دڵ و بەرژەوەندیخواز، دروستیانکردووە و چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، بەردەوام خەریکی تۆمەت و فڕێدانی زانیاریی نادروست و چەواشەکارین".
"مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات"
خەدیجە عومەر مزووری: کاتێک سەرۆکی حکومەت قسە دەکات، مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات.
پەرلەمانتار خەدیجە عومەر مزووری، لە وتارێکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت داوە، دەشڵێت: "کاتێـک قسە دەکات، مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات، چونکە بە ئیرادە و هێزێکی زۆر بۆ بەرەوپێشچوون هـەنگاو دەنێـت. بە هەموو تواناکانی مل دەداتە بەرپرسیاریێتییەکانەوە و هیـچ ئاستەنگ و ئاڵنگارییەک ساردی ناکاتەوە".
زانا مەلاخالید: چاكسازی و ده‌ستبڕینی گه‌نده‌ڵكاران ویستی خه‌ڵكه
زانا مەلاخالید، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "هه‌میشه سه‌ركرده‌ی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه، كه خۆی له‌به‌ره‌ی خه‌ڵك ده‌بینێته‌وه... هاتنه پێشی بارودۆخه نه‌خوازراوه‌كان و پێشهاته‌كان، پێویستی به پاڵپشتیی هه‌مووانه و به‌سیاسیكردنی ئه‌م پرسه، ده‌بێته له‌ده‌ستدانی ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو، كه به‌ری ره‌نج و ماندووبوون و قوربانیدانی كوردستانییانه" .
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بارەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت، زانا مەلا خالید دەڵێ: "ئاسته‌نگه‌كان زۆرن، كاره‌كته‌ره‌كانی دروستكردنی ئاسته‌نگیش خه‌ونه‌كانیان زۆرن، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و حكومڕانیه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، كه میلله‌ته‌كه‌ی له ده‌سته ئه‌مینه‌كانی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت".
ریڤینگ هرووری: سەردەکەوین، ئەوکاتەش زۆر کەس خۆیان دەکەنە شەریک
ریڤینگ هرووری، لە پەیامێکدا سەبارەت بە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت بە چەند خاڵێک بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو و دەشڵێت: "ئێمە سەردەکەوین، باشیش دەزانم ئەو کاتە زۆر شەریکمان دەبن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ریڤینگ هرووری ئاماژە بەوە دەکات "ئەو قەیرانەی ئێستا سوورترمان دەکات لەسەر درێژەدان بە ستراتیژییەتی فراوانکردنی سەرچاوەکانی داهات... پەیامەکەی جەنابی سەرۆکی حکومەت دەستپێکێکە و، دەبێت هەنگاوی کردەیی بنێرێت، داوا لە هەموو لایەنەکانی کوردستان دەکەین، پشتیوانمان بن، هەرچەندە رێگاکەمان سەختیش بێت، بەڵام دەبێت لە خاڵێک دەستپێبکەین و ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلابنێین لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان".
نزار مەلا غەفار: گوتارەکە بووە جێگەی ئومێد
نزار مەلا غەفار، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە بارەی گوتارەکەوە دەڵێ: "پێویست و گرنگ بوو لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و دڵنیایی و بەڵێنی بە کوردستانییان دا کار بۆ چاکسازی و ژێرخانی ئابووریی بکەین و رێگە نەدرێت بە هیچ قسەوقسەڵۆکێک کە خەڵک بخاتە دڵەڕاوکێ و دوودڵی...وتارەکە بووە جێگەی ئومێد".
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەکات: "ئەوەی ماوەتەوە کارکردن و هاوکاربوونی حکومەتە، هەروەها وەلانانی هەموو ئیفترا و ئەوانەی دەیانەوێت ئەم ئەزموونە بخەنە مەترسییەوە".
لەنجە دزەیی: با چاو لە سەرۆکی حکومەت بکەین
لە وتارێکدا بە ناونیشانی با چاو لە سەرۆکی حکومەت بکەین، لەنجە دزەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەیەکی بۆ گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێ: "له گوتاره‌كه‌یدا هه‌ستده‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌م بارودۆخه هه‌ستیار و قورسه‌دا، به سه‌رۆكایه‌تی و حكومڕانیی حه‌كیمانه‌ی به‌ڕێزیان به یه‌ك تیم كارده‌كات له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و دۆزینەوە‌ی چاره‌سه‌ر و شاندانه بە به‌رپرسیاریێتی دۆخه‌كه، به‌تایبه‌تی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانی ئابووری، هه‌روه‌ها له هه‌وڵە به‌رده‌وامه‌كان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی شایسته و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ".
لەنجە دزەیی روودەکاتە به‌شێكی ئه‌ندام په‌رله‌مان و سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری حیزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌و حیزبانه‌ی له پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تدا به‌شدارن و دەڵێ: "ئه‌رێ كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كۆتایی به‌و شێوازه‌ی سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌كردنه بهێندرێ كه له حكومه‌ت بن و له هه‌ندێ ئۆرگان و راگه‌یاندن و سۆشیال میدیاكان دژایه‌تی بكه‌ن؟ چه‌ند گرنگ و پێوسته له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان هه‌مووان چاو له سه‌رۆكی حكومه‌ت و تیمه‌كه‌ی به‌ڕێزیان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكه‌ن و یه‌ك بن و ته‌بابن".
هەروەها دەڵێ: "ئه‌م گوتاره هه‌موو لایه‌كی خسته ژێر به‌رپرسیاره‌تییه‌وه؛ چ ئه‌وانه‌ی له حكومه‌ت به‌شدارن و چ له ئۆپۆزسیۆنن، دەبێ هاریكاربن به‌پێی ئه‌و ئه‌ركه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانیان و رەچاوی ئەم دۆخە سەختە بکەن و بە تەواوی لێ تێبگەن".
"دڵنیام لە ئاییندەدا شەریکی سەرکەوتن زۆر دەبن"
یەکێکی دیکە لەو پەرلەمانتارانەی لە بارەی گوتەکانی سەرۆکی حکومەت نووسیویەتی، زێدان برادۆستیە، ئاماژ بە گوتەیەکی سەرۆکی حکومەت دەدات کە لە گوتارەکەیدا گوتی "دڵنیام لە ئاییندەدا شەریکی سەرکەوتن زۆر دەبن". زیدان برادۆستی دەڵێ: "گوتارەکەی بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵگری پەیامگەلێکی گرنگ بوو بۆ دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێستای هەرێم. پێش چەند رۆژێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بەڕوونی تیشکم خستە سەر دیاردەیەکی سیاسی کە لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت لەگەڵ ئێمەدا بە هەڵوێستی دووفاقی مامەڵەدەکەن؛ بەشێوەیەک لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 02:00ـی دوانیوەڕۆ حکومەتن و، دواتر راستەوخۆ بە پۆشینی بەرگێکی دیکەی سیاسی دەبنە ئۆپۆزسیۆن".
لەیلا عەبدولجەبار: مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە کوردستان
لەیلا عەبدولجەبار پەسنی شێوازی حوکمڕانیی سەرۆکی حکومەت دەدات و دەڵێ: "سەرۆکی حکومەت لە نێو کۆمەڵێک قەیرانی سەختدا، توانی بە ئێرادەیەکی پڕ لە پشوودرێژی و هۆشمەندانە، بەسەر ئەم قۆناغە سەختەدا زاڵ بێت و مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە کوردستان دابهێنێت، توانی هەموو ئەو دەرفەتانە بقۆزێتەوە بۆ چاکسازیی ریشەیی و بڕیاردان لە بارەی کۆمەڵێک مەلەفی تایبەت بە خزمەتی هاووڵاتییان و گێڕانەوەی هاوسەنگیی ژیان و مووچە و کار و خزمەتگوزاری".