بە ڤیدیۆ... رووداوێکی سەیری هاتووچۆ لە دهۆک

.

K24 - دهۆک

لە دهۆک بەهۆی تیژڕەوی شەوی رابردوو رووداوێکی "سەیر"ـی هاتووچۆ روویدا و كەسێك لە دواوەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكئەب کەوتەخوارەوە و بریندار بوو.

ئازاد تەها، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک، ڤیدیۆی رووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، تێیدا کەسێک دەردەکەوێت، کە لەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئەپ بەردەبێتەوە.

لەبارەی رەوشی ئەو کەسەی بەربووەتەوە و هۆکاری رووداوەکە، ئازاد تەها بە کوردستان24ـی راگەیاند "رووداوەکە سەیر بوو، بەهۆی خێرایی لەڕادەبەری ئۆتۆمبێلەکە روویداوە. کەسێک لە پشتەوەی پیکئەپەکە بوو و بەهۆی تیژڕەویی شۆفێرەکە، بەربووەوە".

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک هەروەها دەڵێ "ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کە بەردەبێتەوە، خۆشبەختانە برینەکەی سووکە، بەڵام داواکارین هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن تاوەکو لەو جۆرە رووداوە نەخوازراوانە بەدوور بن".