عێراق ره‌تیكرده‌وه 3 ملیار دۆلاری به قه‌رز له سعوودییه وه‌رگرتبێت
K24 – هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی پادشای سعوودییه كرد و داوایكرد، په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات پێشبخه‌ن. هاوكات ده‌نگۆی قه‌رزكردنی 3 ملیار دۆلار له سعوودییه ره‌تكرایه‌وه.
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ره‌تیكرده‌وه، وه‌زیری دارایی، عه‌لی عه‌للاوی له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سعوودییه، بڕی سێ ملیار دۆلاری له‌و وڵاته قه‌رز كردبێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌تیكرده‌وه، وه‌زیری دارایی هیچ بڕه پاره‌یه‌كی له سعوودییه به قه‌رز وه‌رگرتبێت و راشیگه‌یاند، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، دوورن له راستییه‌وه.
دوێنێ شه‌ممه، عه‌لی عه‌للاوی وه‌زیری دارایی عێراق كۆتایی به سه‌ردانه ره‌سمییه‌كه‌ی خۆی بۆ سعوودییه هێنا، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی گه‌یانده سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز ئالسعوود، پادشای عه‌ره‌بستانی سعوودییه.