تره‌مپ: پوتن نایه‌وێت من سه‌ركه‌وم
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، رایگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا نایه‌وێت من له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌رچم، چونكه من زۆر خراپم به‌سه‌ر رووسیادا هێناوه.
له گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ پرۆگرامی "Full Measure"، كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (24ی ئایار/ مایۆی 2020) بڵاوكراوته‌وه، تره‌مپ گوتی: "زۆر خراپم به‌سه‌ر رووسیادا هێناوه. پوتن باش له‌وه تێده‌گات، هه‌رچه‌ند په‌یوه‌ندی باشم له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و له بابه‌ته‌كه تێده‌گات".
تره‌مپ گوتیشی: "ره‌نگه پوتن نه‌یه‌وێت من سه‌ركه‌وتوو بم. ده‌مه‌وێت لێره‌وه راسته‌وخۆ پێتان بڵێم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕوام وایه من پێی سه‌رسامم، به‌ڵام هێشتا دڵنیاش نیم، كه ئه‌و نه‌یه‌وێت من سه‌ركه‌وم".
دۆناڵد تره‌مپ، له‌و گفتوگۆ میدیاییه‌دا، ره‌خنه‌ی له ركابه‌ره‌كانی گرت و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دیموكراته‌كانی ركابه‌ری به حزبێكی "به‌هێز" به‌ڵام "گه‌نده‌ڵ" وه‌سفكرد.
پێشتر له هه‌ڵبژاردنی (2016)ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكادا، زۆر لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی رووسیایان به ده‌ستتێوه‌ردان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تۆمه‌تبار كرد و داوایان كرد، لێكۆڵینه‌وه له‌و باره‌یه‌وه بكرێت.