رێباز حه‌ملان: گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت زۆر راستگۆیانه بوو

K24 – هه‌ولێر:
یارده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری دارایی و وه‌زیری پێشووی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێباز حه‌ملان، رایگه‌یاند، گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر راستگۆیانه بوو و وتارێكی ده‌وڵه‌تمه‌دارانه بوو، تێیدا به روونی رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی تا ئێستا له خراپ به‌ڕێوبردنی ئیداره و دارایی كراوه، ده‌بێت سنوورێكی بۆ دابنرێت و له شوێنێكدا رابگیرێت. روونیشیكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم جگه له بڕێك قه‌رزی كه‌می توركیا هیچ قه‌رزێكی ده‌ره‌كی له بانك و وڵاتان نه‌كردووه.
"زۆر راستگۆیانه بوو"
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵ"ی كوردستان24دا، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، رێباز حه‌ملان، له باره‌ی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه گوتی: "ئه‌و گوتاره‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتارێكی زۆر راستگۆیانه بوو. هه‌میشه وابووه، راستییه‌كان تاڵن، به‌ڵام پێویسته بوترێت".
گوتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كه‌م كابینه‌وه تا ئه‌مڕۆ، وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی پێدا، ناڕێكوپێكی هه‌بووه له ئیداره‌ی دارایی له هه‌رێمی كوردستان، له یه‌كه‌م كابینه‌وه تا كابینه‌ی نۆیه‌م. ئه‌مه له شوێنێكدا پێویسته رابگیرێت و ده‌ستبكرێت به چاكسازییه‌كی راسته‌قینه له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی خه‌رجی و داهات".
"به میزاجی خۆیان لێكی ده‌ده‌نه‌وه"
سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه باسیان له قه‌رزداربوونی حكومه‌ت كردبوو، رێباز حه‌ملان گوتی: "له سۆشیال میدیا و لای هه‌ندێك له شرۆڤه‌كارانی سیاسی، به‌داخه‌وه به میزاجی خۆیان لێكدانه‌وه‌یان بۆ گوتاره‌كه كرد. سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ك ده‌وڵه‌تمه‌دار قسه‌ی كرد، نه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی حزبی".
چاكسازییه
رێباز حه‌ملان، گوتیشی: "كاتێك جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی له‌وه كرد، ناڕێكی له ئیداره‌دان هه‌بووه، له رابردوو تا ئێستا، ئه‌م قسه‌یه هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌گرێته‌وه له كابینه‌كانی رابردوو به‌شداریان كردووه، هه‌ریه‌ك به‌شی خۆی به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ. ئه‌مه بۆ هه‌موویان وه‌ك یه‌كه".
روونیشیكرده‌وه، "یاسای چاكسازی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی له په‌رله‌مان ئه‌ندامیان هه‌یه، ده‌نگیان به‌و یاسایه داوه، ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویسته ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بكات، له‌سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌م، كه كارنامه‌ی له په‌رله‌مان خراوه‌ته‌ڕوو، باسی ئه‌م چاكسازییه كراوه، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به نرخی نه‌وت و كۆرۆنا نییه. یه‌كێك له كاره له پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌وه‌یه چاكسازی بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "به دڵنیاییه‌وه، یاسای چاكسازی به‌شێكی زۆری گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات. ئه‌و گرفتانه‌ی له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانن، له ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی ئیداری و كاری نایاسایی درووست بوون، به‌شێكیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له سه‌رووی توانای حكومه‌تی هه‌رێمن بۆ نموونه دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی كۆرۆنا".
له رێی كوردستان24ه‌وه دڵنیایی ده‌دات
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، رێباز حه‌ملان گوتی: "له رێی كه‌ناڵی كوردستان24ه‌وه ده‌مه‌وێت هه‌موو گه‌لی كوردستان دڵنیا بكه‌مه‌وه، كه ئه‌وه‌ی باسی قه‌رزده‌كرێت، قه‌رز نییه به‌و مانایه‌ی خه‌ڵك تێی گه‌یشتووه، له رووی ئیداری و دارایی و یاساییه‌وه پێناسه‌ی خۆی هه‌یه. ئێمه له 2015 یاسای قه‌رزمان هه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك تا ئێستا هیچ قه‌رزێكمان نه‌كردووه له هیچ ده‌وڵه‌ت، كۆمپانیا و بانكێكی نێوده‌وڵه‌تی، كه قه‌رز بخه‌ینه سه‌ر شانی حكومه‌ت و هاووڵاتیانی كوردستان".
روونیشیكرده‌وه، "به گوێره‌ی یاسا هه‌ر قه‌رزێك بكرێت، ده‌بێت وه‌زیری دارایی واژووی بكات، كاتێك من وه‌زیری دارایی بووم هیچ قه‌رزێك نه‌كراوه، تا بوترێت سووی چووه‌ته سه‌ر و حكومه‌تی هه‌رێمی خستووه‌ته ژێر پابه‌ندییه‌كه‌وه كه پێی نه‌درێته‌وه".
ورده‌كاری 27 ملیار قه‌رزه‌كه
سه‌باره‌ت به‌و 27 ملیار دۆلار قه‌رزه‌ی كه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێكرد، رێباز حه‌ملان گوتی: "ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی كرد، له‌و 27 ملیار دۆلاره، 10 ملیار دۆلاری ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌یه، كه كراوه به هۆی بڕانی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن به‌غداوه و ئه‌وه‌ی له توانای بوو، مووچه‌ی دا، به‌ڵام له شوێنێكدا نه‌یتوانی ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنێت، ناچار بوو پاشه‌كه‌وتی مووچه بكات، ئه‌و پاشه‌كه‌وته 10 ملیاری ئه‌و قه‌رزه‌یه، كه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی بۆ كردووه. ئه‌وه‌ش ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه، چونكه ئه‌و بودجه‌ی بڕیوه، بۆیه پاشه‌كه‌وت كراوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "به‌شی دووه‌می ئه‌و 27 ملیار قه‌رزه، 17 ملیاره، نزیكه‌ی 4 ملیار دۆلاری تایبه‌ته به كۆمپانیاكانی نه‌وت و ئه‌و پارانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌كارهاتووه. ئه‌وه‌ش هه‌موو مانگێك به‌شێكی لێ دراوه‌ته‌وه، ئێستا نه‌بێت به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت. به‌شێكیشی تایبه‌ته به كڕینی كاره‌با و بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی، كه حكومه‌ت كاره‌بای لێ كڕیون، یه‌كێك له‌و كۆمپانیایانه كۆمپانیای ماسه. ئه‌و قه‌رزه پابه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمه بیداته‌وه".
ئه‌وه‌شی گوت: "به‌شێكیشی تایبه‌ته به بانكی بازرگانی عێراق، كه مقاویله‌كان ئه‌و چه‌كه‌ی له وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ریان گرتبوو، چوونه له‌و بانكه كردوویانه به پاره و بڕه‌كه‌ی 3 ملیار دۆلاره".
له باره‌ی دوا به‌شی قه‌رزه‌كه‌شه‌وه گوتی: "به‌شێكیشی ئێمه قه‌رزمان له توركیا كردبوو، به‌ڵام به‌شێكی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌و قه‌رزه دراوه‌ته‌وه و كه‌می ماوه".
دووپاتیكرده‌وه، "به كورتی ئه‌و 17 ملیاره‌ی ده‌مێنێته‌وه، پابه‌ندیی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه. دڵنیایی ده‌ده‌مه خه‌ڵكی كوردستان، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هیچ بانكێكی نێوده‌وڵه‌تی و هیچ وڵاتێك قه‌رزی نه‌كردووه، جگه له‌وه‌ی توركیا، كه به‌شێكی كه‌می ماوه بدرێته‌وه".
سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌نیا راستییه‌كانی وتووه
جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، "سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا راستی وتووه، راستییه‌كه تاڵه، به‌ڵام پێویسته خه‌ڵك بزانێت ئێمه له چ ره‌وشێكین".
رێباز حه‌ملان باسی له‌وه‌شكرد، له رابردوودا كه‌موكورتی هه‌بووه و ره‌چاوی بنیاتنانی ژێرخان نه‌كراوه و گوتی: "به دڵنیاییه‌وه ده‌وڵه‌تداری ته‌نیا دابه‌شكردنی مووچه نییه، له ساڵانی رابردوو، كه بودجه له به‌غداوه هاتووه، ئه‌و كاته بڕێكی زۆر پاره له‌به‌ر ده‌ست بووه، بیر له هه‌ندێك بابه‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه، دامه‌زراندن به لێشاو كراوه. به پێی پێویستی فه‌رمانگه‌كان خه‌ڵك دانه‌مه‌زراوه. ئه‌مه بودجه‌ی هه‌ڵئاوساندووه، %80ی بودجه ده‌چێت بۆ مووچه. توركیا دراوسێمانه له %30 تا %35 ی بودجه بۆ مووچه ته‌رخان كراوه. ئه‌مه هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ‌دا ده‌بات".
گوتیشی: "ئێمه پابه‌ندین به دابینكردنی مافی هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك. ئێمه ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی مافیان نییه و ئه‌وانه‌ی پێنج مووچه و سێ مووچه‌یان هه‌یه رابگرین و ئه‌و پرسه رێكبكرێته‌وه. سه‌رۆكی حكومه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستی ئه‌و كه‌سانه نییه، كه به مافی خۆیان مووچه وه‌رده‌گرن، مه‌به‌ستی ئه‌وانه‌یه، كه به ناهه‌قی مووچه وه‌رده‌گرن. به‌شێكیشی ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به ژێرخانێكی ئابووری پته‌و هه‌یه. ئه‌مه‌ش پێویستی به بودجه‌یه بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ و ته‌ندروستی و گه‌شتیاری، ئێمه ئه‌گه‌ر مووچه‌ش دابه‌ش بكه‌ین، ئه‌و كه‌رتانه خراپ بن، ئێمه ژێرخانمان چۆن چاكبكه‌ین و چۆن بۆ داهاتوو خۆمان رێكبخه‌ینه‌وه و ژێرخانی ئه‌م وڵاته چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه، كه ستراتیژی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه كۆتایی به گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان بهێنێت و گوتی: "به كورتی ئه‌وانه‌ی له‌م وڵاته مافی گشتیان خواردووه، ده‌بێت پێیان بڵێین بوه‌ستن و له‌مه زیاتر خه‌ڵكی كوردستان به‌رگه‌ی ئه‌وه ناگرن".
داهاتی نه‌وت
سه‌باره‌ت به داهاتی نه‌وت، رێباز حه‌ملان گوتی: "ئێمه كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی نێوده‌وڵه‌تیمان هێناوه، ناوی دیلۆته، هه‌موو داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ده‌خاته‌ڕوو و ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی روونده‌كاته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "داهاتی نه‌وتی هه‌رێم هه‌مووی ناگه‌ڕێته‌وه، كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن، له بانكه‌كان پشكی خۆیان كه له‌سه‌ری رێككه‌وتووین ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی دێته‌وه هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی ده‌درێته وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بۆ پێدانی مووچه و به‌شێكیشی بۆ پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رج ده‌كرێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌وڵه‌ت نین، ناتوانین به نرخی برێنت نه‌وت بفرۆشین، به شتێك كه‌متر له نرخی برێنت نه‌وت ده‌فرۆشین. ئه‌گه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به 50 دۆلار بێت، ئێمه ره‌نگه به 43 یان 44 دۆلار بیفرۆشین".