عێراق: تاوەکو چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ پێویستمان به‌ گازی ئێرانه‌

K24 - هەولێر

عێراق کێشەی زۆری هەیە لە دابینکردنی کارەبا، بەڵام "لە چەند ساڵی داهاتوودا ده‌توانێت پشت به‌ گازی سرووشتیی خۆی ببه‌ستێت بۆ دابینکردنی کارەبا".

ماجد مەهدی، وەزیری کارەبای عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، عێراق رۆژانە پێویستی بە 70 ملیۆن مەترسێجا گازی سرووشتی هەیە، بۆ ئەوەی وێستگەکانی کارەبا بەگەڕبخات، کە نیوەیان کەوتوونەتە بەسرە و نیوەکەی دیکەشیان به‌سه‌ر ناوەڕاستی عێراق دابەشبوون.

وەزیری کارەبا روونیدەکاتەوە عێراق ئێستا رۆژانە 40 ملیۆن مەترسێجا گازی سرووشی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، کە هەرزانترین سووتەمەنییە لە جیهان بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی، بەڵام پڕۆژەیه‌كیان لەبەردەستە بۆ پەرەپێدان و تاوەکو چه‌ند ساڵێكی دیكه‌، به‌رهه‌مهێنانی گازی سرووشتی ناوخۆیی ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئاستێك، كه‌ چیدی پێویستییان به‌ هاورده‌كردنی نه‌بێت.

ئێران لەریزبەندیی دووەمی وڵاتانی جیهانە لەڕووی زۆریی یەدەگی گاز، بەڵام بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە لە ناوخۆ، کەمیی سەرمایەدارانی بیانی و تەکنەلۆژیا، شکستی هێناوە لەوەی ببێتە پێشەنگی وڵاتانی هەناردەکار گازی سرووشتی لە جیهان.

عێراق، کڕیاری گازی ئێرانە و هاوپەیمانی ئەمەریکایە، بۆیە ئەمەریکا سزای نەداوە لەسەر مامەڵەکردن بەگاز لەگەڵ ئێران. عێراق هەروەها تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە شوێنگرەوەی گاز و کارەبای ئێران بدۆزێتەوە بۆ هاوردەکردن، بۆیە چەندین جار داوای لە ئیدارەی ترەمپ کردووە سزای نەدات بەهۆی هاوردەکردنی ئەو دوو بەرهەمە لە ئێران.

هەرچەندە عێراق خاوەنی سەرچاوەیەکی بێشوماری وزەیە، بەڵام پشت بە بەرهەمی گازی ئێران دەبەستێت بۆ دابینکردنی کارەبا و نزیکەی 30%ـی ئەو بەرهەم بۆ دابینکردنی کارەبا بەکاردەهێنێت. عێراق هەروەها کڕیاری سەرەکیی کارەبای ئێرانە و نزیکەی 1400 مێگاوات کارەبای لێدەکڕێت.

عێراق لە ساڵی 2018 رۆژانە نزیکەی 13،1 ملیۆن مەترسێجا گازی لە ئێرانەوە هاوردەکردووە.