ھەفتەیەكە گەنجێك لە زێی گەورە خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە

K24 - بەردەڕەش

گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ ماوەی هەفتەیەکە لەنێو ئاوی زێی گەورە لەنزیک بەردەڕەش خنکاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

گەنجەکە ناوی مستەفا بەختیار عوسمانە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەزێی گەورە مەلەی کردووە، هاوڕێکانی دەڵێن بەبەرچاویانەوە خنکاوە، بەڵام لەوکاتەوە گەڕان بەدوای تەرمەکەی بەردەوامە و تائێستا نەدۆزراوەتەوە.

مەسعود ئامۆزای گەنجە خنکاوەکەیە، قسەی بۆ کوردستان 24 کرد و گوتی "لە 20ـی ئەم مانگەدا مستەفا چووبوو مەلەبکات، بەڵام بەئاودا چووە. هاوڕێکانی زۆر هەوڵیان دابوو رزگاری بکەن، بەڵام نەیانتوانیبوو، چونکە ئاوەکە سارد و خێرایە".

ئامۆزاکەی مستەفا باس لە رەوشی دایک و باوکی ئەو گەنجە دەکات ئاماژە بەوە دەدات: "ئەوان رەوشیان خراپە، ناخیان پڕبووە لە ئازار و تاوەکو زووتر تەرمەکەی بدۆزینەوە، زووتر ئاسوودە دەبن". دەشڵێ: "داواکارین بەرگریی شارستانیی دهۆک بەجدی بێتە سەر خەت و یارمەتیمان بدات و، پەیوەندی لەگەڵ بەرگریی شارستانی موسڵ بکات بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە".