سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان

Kurd24

لەمەودوا، ناوبەناو، وتارێک دەنووسم لەسەر پرسە پەروەردەییەکان، میدیاکانیش ئازادن لە بڵاوکردنەوەی بەمەرجێک ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی بڵاوبکەنەوە.

* پێش 25ی شوبات:

لە ۱٥ ی شوبات، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایسپاردین کە پێویستە لە ئێستاوە بیر لە سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیان بکەینەوە، ئەو ڤایرۆسە هەر دێت, بەڵام گرنگە مامۆستایان و قوتابیان بە سەلامەتی لێی دەربچن، بۆیە داوای کرد دیراسەی کەرتی پەروەردە بکەین لەو دەوڵەتانەی ڤایرۆسەکە تیایدا بڵاو بووەتەوە و رەچاوی تایبەتمەندی کوردستانیش بکەن. لەو روانگەیەوە دیراسەیەکمان ئامادەکرد بۆ لیژنەی جێبەجێکاری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە 22ی شوبات، بە سەرپەرشتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ  کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، لەوێ بڕیاردرا  کە ئەو پێشنیارە لە کۆبوونەوەی 25ی شوباتی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕوو.

کۆبوونەوە هاوڕا بوو لەبارەی ئەوەی لە 26ی شوبات سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتمان بکرێتە پشوو لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاشان لە 1ی ئادار یەکەمین حاڵەتی کۆرۆنا تۆمارکرا لە کوردستان، کە بەخۆشحاڵیيەوە هەنگاوەکانی حکومەت لەو بارەیەوە هەنگاوی پێشوەختەو هەستکردن بوو بە بەرپرسیارێتی .

* پاش 25ی شوبات:

پاش ئەو رێککەوتە، وەزارەت چوار پلانی قۆناغبەندی ئامادەکرد بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەزاری کە لە 4ی ئادار بەسەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئەنجامدرا.  پلانەکان قۆناغبەندی بوون بۆ:

24ی ئادار، 1ی نیسان، ۱٥ی نیسان، ۲ی ئایار. ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای وەزاری کە کۆبوونەوەیەکیان بەسەرپەرشتی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت بوو، بەگوێرەی قۆناغبەندی تاووتوێی پرسەکانمان دەکرد.  لەو ساتانەش سەرقاڵ بووین بە دوو ئەرکی گرنگی دیکە کە بتوانین خزمەت بکەین بە قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان، ئەوانیش دروستکردنی پلاتفۆرمێکی پەروەردەیی گشتگیر بوو بە ناوی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی، وێڕای دۆخی کەرەنتینە، لە 11 رۆژی یەکەمی پرۆسەکە زیاتر لە 750 هەزار قوتابی ئەکاونتەکانیان ئاکتیڤ کرد و بینەری وانەکانیان بوون، دووەمیان بریتی بوو لە بە ئاسمانیکردنی کەناڵی پەروەردەیی، کە ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ قوتابیان و خوێندکاران هەیە.

کۆبوونەوەی 5ی ئایاری ئەنجومەنی وەزیران:

لەو کۆبوونەوەیە پاش دیراسەکردنی بابەتە پەروەردەییەکان بڕیاردرا دەسەڵات بدرێتە وەزارەتی پەروەردە کە لە 1ی حوزەیران تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدرێن، هەڵسەنگاندنی تەندروستی وابوو کە ئێمە ناتوانین قوتابخانەکان بۆ خوێندن بکەینەوە، بەڵام دەتوانین بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە نێوانی قوتابیان و خوێندکاران هەبێت تا دوو مەتر, بەڵام خوێندن ئەو شێوازەی بەسەردا جێبەجێ ناکرێت، ئەوکاتە کە ئەم بریارە درا ژمارەی تووشبووان زیادی نەکردبوو، چەند رۆژێک بوو چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تیا تۆمار نەکرابوو.

زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا :

لەماوەیەکی کەمدا ژمارەی تووشبووان بەشێوازێکی دراماتیکی لە زیادبوون دابوو، لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی قسەمان کرد، کە ئێمە تەنها 11 رۆژمان ماو بۆ تاقیکردنەوەکان، ئایا هەڵسەنگاندنی تەندروستی ڕێگا دەدات ئێمە زیاتر لە یەک ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا هەزار قوتابی ببەینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن بۆ تاقیکردنەوە، بەڕێز وه‌زیری تەندروستی داوای کرد دوو رۆژیان  لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی ورد و یەکلاکەرەوە پێشکەش بکەن و لەگەڵ بەڕێوبەرانی گشتی تەندروستی و تیمی پەتاناسی وەزارەت و رێکخراوی WHO راوێژ بکەن، پاش وەرگرتنەوەی وەڵام لە 21 ی ئایار و پێشکەشکردنی ڕای وەزارەتی تەندروستی  چوار بژاردەمان خستە بەردەم بەڕێزان: سەرۆک وەزیران و جێگر و ئەندامانی  ئەنجومەنی وەزیران، سەرەنجام، پاش رەزامەند بوون،  ئەو بڕیارەماندا  کە لە شەوی 23ی ئایار لە ڕێگای میدیاکانەوە راگەیەندرا .

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت:

ئەو فەرمانە وەزارییەی کە دەرچوێنرا بەرەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و کۆ دەنگی ئەنجومەنی وەزارەتمان بوو،  پێویستمان بەوە هەیە لە سەرەتای  هەفتەی ئایيندە ئەنجومەنی وەزارەتمان، ئەگەر دۆخی تەندروستی ڕێگابدات بەڕێوبەری پەروەردەی قەزاکان، رێنمایی ورد بە کۆی گشتی بابەتەکان دەربچوێنین و دیراسەی ئەوە بکەین بۆ بەرژەوەندی مامۆستایان و قوتابیان: 

چۆن سیستمی  ئی ـ پەروەدەیان بۆ کارابکەینەوە؟

چۆن مامەڵە لەگەڵ نمرەی تراز (درجة حرجة) بکەن؟

ئایا بریار بدەین ئەو قوتابیانەی کە سوودیان لەو بڕیارە وەرنەگرتووە چۆن بتوانن تاقیکردنەوەی خولی دووەم بکەن؟

ئایا لە وەرزی یەکەم تاقیکردنەوە بکەن یان لەو وانانەی کە لەوەرزی دووەم خوێندوویانە و خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەکردبوو؟

ئایا عبور و بڕیار بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوتابیان بۆ خولی دووەمیش ئەژمار بکرێت باشتر نيیە؟

یان چۆن لە هەندێک حاڵەت وا بگونجێنرێت قوتابی کە سوودی لە عبور وەرنەگرت سوود لە بڕیار وەربگرێت؟

پێویستمان بە دانانی بەرنامەیەک هەیە کە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ شارەزایانیش بکرێت کە چۆن هەوڵبدەین ساڵی نوێی خوێندن، لانی کەم چوار هەفتەی سەرەتا بۆ پێداچوونەوە و خوێندنی ئەو بابەتانە دابنێین کە وانەی زۆر سەرەکین و قوتابیان و خوێندکاران پێویستە بیخوێنن و ناگونجێت بەسەرماندا تێپەڕبێت، چونکە بە نموونە قوتابیەکی قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی هەندێک پیت و وشە و ئاماژە و بنەما سەرەکيیەکانی ماتماتیك و زانستی پێویست دەبێت بۆ قۆناغەکانی ئاییندە، ئەمەش ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە نابێت دۆخەکە تێپەڕێنین و لە هەمان کاتدا پێویستە بیگونجێنین لەگەڵ پلانی ساڵانەی خوێندن.

بۆ ئەمەش پێویستە میکانیزمی گونجاو شرۆڤە بکەین کە دەرئەنجام مەبەستمانە سوودی بۆ قوتابیان هەبێت. کۆی ئەم پرسانە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزارەت تاووتوێ دەکرێن و بڕیاریان لەبارەوە پێوەردەگیرێت. پاش تەواو بوون لەو ئەرکە بەرنامە ستراتیژیيەکەی وەزارەت دێتە پێش کە پێداچوونەوەی گشتگیر و قۆناغبەندە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی لەوەش سەرکەوتووبین پێویستە تەنها پشت بە توانایەکی سنوردار نەبەستین، بەڵکو دەبێت هەموو ئارەزوومەندان لە مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و پسپۆران و هەموو ئەوانەی گرنکی بە کەرتی پەروەردە دەدەن بەشدار بن و هەریەکەمان لە ئاستی خۆمانەوە دەست بکەین بە هاوکاریکردنی ئەو لیژنانەی کە پێکدێن بۆ پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، ئەمەش  کاری یەک دوو رۆژ و یەک دوو مانگ نیيە، بەڵکو بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆی دانراوە پارالێل لە هەموو ئاست و قۆناغەکان ئەم کارە دەکەین، لای منیش ئەولەویەت بۆ مامۆستایانە، چونکە بەرکەوتەی راستەوخۆیان لەگەڵ پرۆگرامەکان هەیە و لە هەموومان شارەزاترن.

خوای گەورە پشتیوان بێت لە ئەنجامدانی ئەرکە گەورەکان سەرکەوتوو دەبین، پرۆسەی پەروەردە پێویستی بە هیمەتی هەمووانە، مامۆستایان و پەروەردەکاران ساڵێکی زۆر نموونەیی و پڕ بەخششیان بەڕێکرد و ئەوەی لە توانایان بوو درێغیان نەکرد، ئەمساڵ زۆر بە گەرموگوڕیی دەستمانپێکرد، لێرەدا پێویستە بڵێم کە مامۆستایان و پەروەردکاران شایستەی ڕێز و پێزانین، ویستی هەموومان بوو خوێندن دەست پێبکەینەوە، تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەین، بەڵام کە لەدەرەوەی ئیرادەی ئێمە کۆرۆنا رێگربوو توانیمان هەر ئەوە بکەین، لە بیرم دێ ئەوکاتانەی بەڕێز سەرۆک وەزیران زۆر لەخەمی پرۆسەی پەروەردەبوو، بەڵام هەمیشەش دووپاتی دەکردەوە کە زانست و فێربوون بۆ خزمەت و سەلامەتی مرۆڤایەتيیە نەک بۆ زیانپێگەیاندنی، مامۆستایان و قوتابیانیش ئەگەر کۆرۆنا زیانیان پێبگەیەنێت بۆ ئێمە ئەستەمە ئەو ریسکە بە ژیانیانەوە بکەین.

 

* وەزیری پەروەردەى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان