بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل

بەرەی قاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر خاڵێکی گرنگ لە باکووری ئیسرائیل.

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕاشیگەیاند، لە درێژەی هێرشەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و پاڵپشتیکردن لە گەلی فەڵەستین و لوبنان و لە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە دژی خەڵکی مەدەنی دەکرێت، لەنێویاندا منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر خاڵێکی گرنگ لە باکووری ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەرەی مقاوەمە بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لەناوبردنی دوژمن بە خێرایی.

دووشەممەی ڕابردوو، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەرخاڵێکی سەربازی لە باکووری ئیسرائیل.

بەرەی مقاوەمە لە عێراق، چەندان مانگە هێرش دەکاتە سەر چەند شوێنێکی گرنگی ئیسرائیل وەک کاردانەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.