ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق چی ڕوویدا؟
پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە، هەروەها دەنگدانەکە پێی نایە گەڕی دووەم و مەحموود مەشهەدانی بە دەنگی 182 پەرلەمانتار، بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 195 پەرلەمانتار بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چوار کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
کاندیدەکان پێکهاتبوون لە: سالم عیساوی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی و عامر عەبدولجەبار.
بەر لەوەی دەنگدان دەست پێبکات ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەرز بووەیەوە بۆ 271 پەرلەمانتار و سەرجەمیان بەشدارییان لە دەنگدان کرد.
لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردن سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، مەحموود مەشهەدانی 153 دەنگ، سالم عیساوی 95 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 9 دەنگیان بەدەست هێنا، هەروەها 14 دەنگی پووچەڵیش هەبوون.
بەهۆی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی %50 + 1 دەنگەکان بەدەست بهێنێت واتە 166 دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆیە دەنگدانی گەڕی یەکەم کۆتایی هات و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە گەڕی دووەمی دەنگدان یەکلایی کرایەوە.
ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدان:
مەحموود مەشهەدانی: 153 دەنگ.
سالم عیساوی: 95 دەنگ
عامر عەبدولجەبار: 9 دەنگ.
تەڵاڵ زەوبەعی: 0 دەنگ.
دەنگی پووچەڵ: 13 دەنگ.
پاشان گەڕی دووەمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 183 پەرلەمانتار دەستی پێکرد و دواتر ڕێژەکە بەرز بوویەوە بۆ 271 پەرلەمانتار.
ئەنجامی گەڕی دووەمی دەنگدان:
مەحموود مەشهەدانی: 182دەنگ.
سالم عیساوی: 42 دەنگ
دەنگی پووچەڵ: 39 دەنگ.
مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
مەحموود مەشهەدانی کێیە؟
مەحموود داوود مەشهەدانی لە دایکبووی 1948 – بەغدا.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەی کازمییەی بەغدا تەواو کردووە.
ساڵی 1972 کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.
ساڵی 1981 بەهۆی چالاکی و هەڵوێستی سیاسی زیندانی کراوە.
ساڵی 2000 سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دەکراوە.
ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی.
ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.
ساڵی 2006 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
ساڵی 2021 بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردراوە.
31/10/2024 بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.
پەرلەمانی عێراق 11 مانگ بێ سەرۆک بوو
لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکەی بەڕێوە دەبرد تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
بەگوێرەی زانیاریی مێدیا عێراقییەکان "محەممەد حەلبووسی بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە."
محەممەد حەلبووسی، لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە؛ هاوکات سەرۆکی حیزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی بە پارێزگار هەڵبژارد.