سینەماکارێکی کورد لە دوو فێستیڤاڵی فیلم بە باشترین ئەکتەر دەستنیشانکرا

لە ئیسپانیا و مەکسیک خەڵاتی پێبەخشرا

K24 – دهۆک:

ئەکتەری دیاری سینەمای کوردی (عادل عەبدولرەحمان) بە ڕۆڵگێرانی پیاوێکی هەژاری بەتەمەن لە فیلمی ( بارێ گران ) لە دوو فیلمە فێستیڤالی جیهانی دا بە باشترین ئەکتەر دیاری کرا.

فیلمی ( بارێ گران ) لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد ( د. یەڵماز ئۆزدێل )ـە و لە شاری ماردینی باکووری کوردستان فیلمەکە تۆمارکراوە؛ چیرۆکی فیلمەکەش باس لە زەحمەتی و دەردەسەری ژیانی پیاوێکی هەژاری بەتەمەنی کورد لە ماردین دەکات، رۆژانە بە گوێدرێژەکەیەوە، کوچە و کۆڵانی شارەکە پاک دەکاتەوە.

بەهۆی جوان رۆڵ گێڕانەکەی لە فیلمەکە دا، عادل توانی سەرنجی لیژنەکانی دوو لە فیلمە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان بۆخۆی رابکێشێت و لە هەردوو فێستیڤاڵی (پرایماڤێرا) لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانا و (سینەماتۆگرافی دی میریرا)ی مەکسیکی، بە باشترین ئەکتەر دەستنیشانکرا.

سینەماکار (عادل عەبدولرەحمان) خەڵکی دهۆکە و تا ئێستادا بەشداریی لە هەشت فیلمی نێودەوڵەتی کردووە و وەک خوبەخش لە فیلمی ( بارێ گران ) رۆڵی گێڕاوە و توانیویەتی ئەو دوو دەستکەوتە بۆخۆی و سینەمای کوردی بە دەست بێنێت.

عادل ماوەی 29 ساڵە کاری سینەمایی دەکات و لە ژیانی ھونەری دا خاوەنی چەندین خەڵاتە و لە ئێستاشدا خەریکی بەشداریکردنە لە فیلمی ( بیکا بارانێ) کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ناسراوی کورد (حسێن حەسەن)ـە.