بەغدا كەرەنتین دەكرێت

حکوومەتی عێراق تاوتوێی قەدەغەی هاتووچۆی تەواو دەکات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق تاوتوێی قەدەغەی ھاتووچۆی تەواو دەكات و پێشنیاریش كراوە بۆ ماوەی 14 رۆژ بەغدا كەرەنتین بكرێت.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی تایبەت بە رووبەڕووبووەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 ئاشکراشی کرد، لیژنەكە تاوتوێی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆی تەواو دەكات، چونكە هێشتا عێراق لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە.

وەزیری تەندروستی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی راگەیاندووە، زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەهۆی زیادکردنی ژمارەی ئەنجامدانی پشکنین و ژمارەی تاقیگە پزیشکییەکانە لەسەرتاسەری عێراق.

 گوتیشی، ئەگەر ژمارەی تووشبووانیش کەمببێتەوە ئەوە نیشانەی کۆتایی مەترسی کۆرۆنا نییە، چونکە ئێستا ڤایرۆسەکە لە هەموو شوێنێک هەیە

لەلایەكی دیكە جەواد موسەوی، بڕیاریدەری شانەی قەیرانەکانی پەرلەمانی عێراقیش داوای کردووە، کە قەدەغەی هاتووچۆی تەواو بۆ ماوەی 14 رۆژ رابگەیەندرێت.

پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە عێراق عەبدولغەنی ساعدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی بەشی رەسافەی بەغدا ئاشکرایکرد، تا ئێستا 102 پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە بەشی رەسافەی بەغدا تووشی کۆرۆنا بوون، زۆربەیان چاکبوونەتەوە و 19 کەسییان لە ژێر چاودێریدان.

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، پێشنیاركراوە بۆ ماوەی 14 بەغدا كەرەنتین بكرێت، بڕیارە ئەمڕۆ شانەی قەیرانەكانی عێراق بڕیار لەوبارەوە بدات.