رۆمانۆوسکی: کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی کرد

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەڵێت، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کردووە.

دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکی(ئێکس)دا نووسیویەتی،کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی کرد.

رۆمانۆوسکی دەڵێت: کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بوو بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ دواکەوتن دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەشڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق.

ئەو پەیامەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە، "ڕۆژی دووشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2024 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد."

لە دیدارەكەدا، كە ستێڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق "پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا."

هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆك بارزانی "سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد، كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە."